
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەز، کاک محەممەدڕەحیم کەریمی، کوڕی عەبدولڕەحیم ئەندامی حیزبی دێموکرات، بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە مەریوان کۆچی دوایی کرد.
کاک محەممەدڕەحیم لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٨ لە گوندی تەنگیسەر بووە.
ناوبراو پێوەندیی تەشکیلاتیی بە حیزبەوە گرتووە و وەکوو ئەندامی نهێنی لە نێوخۆی کوردستان سازمان دراوە.
کاک محەممەدڕەحیم ئەندامێکی دڵسۆز و خۆنەویستی حیزب بوو کە هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی، وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە.
تەرمی ناوبراو هەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی بەهەشت مستەفای مەریوان و لەنێو ئاپۆرای خەڵکدا بە خاک سپێردرا.
خوشکێکی ناوبراو بە ناوی گوڵاڵە کەریمی ئەندامی ئاشکرای حیزب لە باشووری کوردستانە کە هاوژینی بەندکراوی سیاسیی پێشوو والی دروودییە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.