
بنەماڵەی موجاهد کورکور، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری ئیزە، هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ناوبراویان لە دادگای باڵای ڕێژیم پشتڕاست کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هێرانا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەز سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کورکور، ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لە دادگای باڵای ڕێژیمدا هەڵوەشاوەتەوە و دۆسییەکەی ڕەوانەی یەکێک لە لقەکانی دیکە کراوە بۆ ئەوەی دووبارە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
موجاهد کورکور تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی ئیزەیە، ناوبراو بە تەقەکردن لە خەڵک لە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە شاری ئیزە تۆمەتبار کراوە.
ئەم تەقەکردنە بووە هۆی گیانلەدەستدانی حەوت کەس کە یەکێکیان کیان پیرفەلەک منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵ بوو، بەڵام دایک و باوکی کیان پیرفەلەک چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە هیچ سکاڵایەکیان لە دژی موجاهد کورکور نییە و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار و بکوژی کیان دەزانن.
پێشتر دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی عەباس کورکور ناسراو بە موجاهد کورکور لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١ بەڕێوە چوو و دەزگای دادی ڕێژیمی ئیسلامی ناوبراوی وەک "تۆمەتباری سەرەکی" تەقەکردنەکەی شاری ئیزە ناساندبوو و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندبوو.