ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز، کاک عارف سەردینی کوڕی عەلی ناسراو بە عارف مامەلی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و حیزبخۆشەویستی گوندی نێ لە ناوچەی مەریوان بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ۷۱ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک عارف لە سەرەتای شۆڕشدا بۆ ماوەیەک وەک پێشمەرگە خزمەتی بە حیزب و نەتەوەکەی کردووە.
دواتر و پاش گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات، دوو جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و کەوتە بەر ئەزیەت و ئازاری ڕێژیم.
کاک عارف هەتا دواساتەکانی ژیانی لە بیری کوردایەتی و حیزبخۆشەویستی لای نەدا و وەفادار بەو ڕێبازە مایەوە، هەر ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی کە کەسێکی خوشەویست و جێی متمانەی خەڵکی نێ و دەورووبەری بێت.
تەرمی کاک عارف دوانیوەڕۆی ڕۆژی ۱۱ی سەرماوەز، لە گوندی نـێ و لەنێو ئاپۆڕای خەڵک و ئاوایەکانی دەورووبەریدا بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.