کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: ئەمریکا و ئیسرائیل ئەسەدیان ڕووخاند

11:02 - 22 سەرماوەز 2724

سێ ڕۆژ پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد، کە یەکێک لە گرینگترین بەشەکانی بەرەی ناسراو بە "مقاومەت" بوو، خامنەیی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە هۆکار زانی.

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەز لە یەکەمین لێدوانی خۆیدا پاش ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد ئەم ڕووداوەی بە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند، وڵاتێکی دراوسێی سووریە لەم ڕووداوەدا ڕۆڵی ئاشکرای هەبووە بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل پیلانداڕێژی سەرەکی لە ڕووخاندنی ڕێژیمی بەشار ئەسەددا بوون.

مەبەست لە وڵاتی دراوسێ لە قسەکانی خامنەییدا وڵاتی تورکیەیە کە پشتیوانی سەرەکیی گرووپە جیهادییەکانی دژبەری ئەسەد لە ڕووخاندنی ڕێژیمی سووریەدا بوو.

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە درێژەی قسەکانیدا بەبێ ئاماژەدان بە شکستی میلیشیاکانی سەر بە تاران لە یەک ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند، بەرەی مقاومەت لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر پەرە دەستێنێت و هەموو ناوچەکە دەگرێتەبەر.

ئەم ئیدعایەی خامنەیی لەکاتێکدایە کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی، بەرەی ناسراو بە مقاومەت لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و بە وتەی خودی خامنەیی، ئێران ناتوانێت لە دۆخە هەستیارەکاندا یارمەتییان بدات.

نابراو لە قسەکانی ڕۆژی ڕابردووی خۆیدا دانی بەوەدا نا کە نەناردنی یارمەتیی پێویست بۆ بەشار ئەسەد لە کاتی ڕووخانیدا بەهۆی ڕێگەنەدانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە بووە کە هەموو ڕێگەیەکیان بۆ یارمەتیدانی ئەسەد داخستووە.

خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لەو بابەتەی کە کۆماری ئیسلامی باشترین شارەزایی هەیە، ڕەخنەگرانی سیاسەتەکانی خۆی لە سووریە و شرۆڤەکارانی بە تاوانبار زانی و هۆشداریی دا کە دەبێت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە شرۆڤەی ڕووداوەکانی سووریە و ناوچەکە بە شێوازێک دەکەن کە بە وتەی خۆی "خەڵک دەترسێنن"، وەک تاوانبار هەڵسوکەوت بکرێت.

 

ئەم بەشە لە قسەکانی خامنەیی بابەتێکی نوێ نییە و کۆماری ئیسلامی هەموو کات بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی لە دەرەوەی وڵات، هەڕشە و سەرکوتی خەڵکی ئێران بە باشترین ڕێکار بۆ دەرچوون لە قەیرانەکانی دەزانێت.

کۆماری ئیسلامی لە پاش ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە بۆ بەرگریکردن لە ڕێژیمی ئەسەد هەزاران بەکرێگیراوی ئەفغانستانی و پاکستانیی لە چوارچێوەی هێزی "فاتمییون" و "زەینەبییون" و بە ناوی بەرگری لە شوێنە پیرۆزەکان ڕەوانەی سووریە کردبوو.

جیا لەم دوو هێزە، هەزاران ئەندامی لقی قودسی سپای پاسداران بۆ پاراستنی ڕێژیمی ئەسەد ساڵانێک خەڵکی ناڕازیی سووریەیان سەرکوت دەکرد و تاران بە خەرجکردنی هەزاران میلیارد تمەن لە پارەی خەڵکی ئێران ماوەی زیاتر لە یەک دەیە پێشی بە ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە گرتبوو.