
ئەحمەد ئەلشەرع ڕێبەری گرووپی تەحریروشام کە لە ڕووخاندنی ڕێژیمی بەشار ئەسەددا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو، هەر چەشنە پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی لە تەحریروشام بۆ سەرکەوتنی بە سەر ڕیژیمی سووریەدا ڕەت کردەوە.
ئەلشەرع کە پێشتر ناوی جیهادیی ئەبوومحەممەد ئەلجوولانی لە سەر خۆی دانابوو بە ڕەتکردنەوەی پشتیوانیی دەوڵەتەکانی دیکە لە بەرەوڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی بەشار ئەسەددا ڕایگەیاندووە کە ئەو چەکوچۆڵانەی کە بەکاریان بردووە، هەموو دروستکراوی سووریە بووە.
ئەم قسانەی ڕێبەری تەحریروشام لەکاتێکدایە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە قسەکانی ڕۆژی ڕابردووی خۆیدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، تورکیەی بە یارمەتیدەری گرووپەکانی دژبەری ئەسەد ناو برد.
جیا لەم بابەتە ڕەجەب تەیەب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە لەکاتی هێرشی تەحریروشام و گرووپە دژبەرەکانی دیکەی ئەسەد بۆ سەر شارەکانی سووریە، چەند ڕۆژ پێش ڕووخانی ئەسەد بە شێوەی ڕاشکاوانە پشتیوانیی لە پێشڕەوییەکانی ئەم گرووپانە کردبوو.
ئەردۆغان لەو کاتەدا وێڕای هیواخواستن بۆ سەرکەوتنی ئەم گرووپانە ڕایگەیاندبوو کە ئامانج لەم بەرەوپێشچوونانە شاری دەمێشق و ڕووخاندنی ڕێژیمی بەشار ئەسەدە.
ئەم پشتیوانییانەی ئەردۆغان لە گرووپە جیهادییەکانی سووریە لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی تورکیە هەیئەتی تەحریروشامی وەک گرووپێکی تێرۆریستی پێناسە کردووە.
هەر لە پێوەندیی لەگەڵ یارمەتیدەرانی تەحریروشام بۆ سەرکەوتن بە سەر ڕێژیمی بەشار ئەسەد، ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە زاری چەند سەرچاوەی ئۆکراینییەوە باسی لە پشتیوانیی ئۆکراین لەم گرووپە کردووە.
ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە ڕایگەیاندووە کە ئۆکراین بەمەبەستی بەرەوڕووبوونەوەی تەحریروشام لەگەڵ ڕووسیە و هاوبەشەکانی، نزیکەی ١٥٠ دڕۆن و ٢٠ ئۆپێراتۆری بەئەزموونی ناردووەتە ئێدلێبی سووریە.
هەرچەند کە بە وتەی سەرچاوە ڕۆژاواییەکان ئەم یارمەتییانەی ئۆکراین ڕۆڵێکی گرینگی لە سەرکەوتنی تەحریروشامدا نەبووە بەڵام توانیویەتی پێشڕەوییەکانی ئەم گرووپە خێراتر بکات.