
بلومبێرگ، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەز، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی ڕووسیە بۆ یارمەتیدانی هەڵاتنی بەشار ئەسەد بۆ ڕووسیە، لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕووسیە پلانیان داڕشتووە کە چۆن بەشار ئەسەد لە بنکەیەکی ئاسمانی لە سووریەوە بگوازنەوە بۆ ڕووسیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سێ کەسی ئاگادار کە زانیارییان لەسەر ئەو بابەتە هەیە و نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕایانگەیاندووە، ڕووسیە قەناعەتی بە ئەسەد هێناوە کە لە بەرانبەر پێشڕەوی هێزە چەکدارەکان شکست دەهێنن و پێشنیاری پێ کردووە کە ئەسەد و خێزانەکەی دەستبەجێ بە شێوەیەکی سەلامەت سووریە بەجێ بهێڵن.
هەروەها کەسێکی نزیک لە کرێملین بە بلومبێرگی ڕاگەیاندووە، ولادێمیر پووتین لە ئێستادا هەوڵ دەدات بزانێت بۆچی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕووسیە نەیانتوانیوە پێش ئەوەی درەنگ بێت ئاگاداری مەترسییە پەرەسەندووەکانی سەر دەسەڵاتی ئەسەد بن.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لەو بابەتە کە ناوی نەهێنراوە، بە بلومبێرگی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی ئەرتەشی سووریە لە حەڵەب و حەما پاشەکشەی کرد گرووپە دژبەرەکانی ئەسەد حومسیان گرت، ڕووسیە بڕیاری دا کە ئیدی ناتوانێ ڕێژیمی ئەسەد بپارێزێت.
لە ئێستادا ڕووسیە نیگەرانی چارەنووسی دوو بنکەی سەربازیی خۆی لە کەناراوەکانی ڕۆژاوای سووریەیە کە یەکیان بنکەیەکی دەریایی لە تەرتوس و یەکی دیکە بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لە باشووری لازقییەیە و هەوڵ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتێژییەکانی لە سووریە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.
هەروەها لەم دواییانەدا بە پێی وێنە ماهوارەییەکان کە بڵاو کراونەتەوە دەرکەوتووە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، کەشتییەکانی هێزی دەریایی ڕووسیە بنکەکەیان لە تەرتوسی سووریە بەجێ هێشتووە و بەشێکیشیان دوور لە کەنار دەریاکان لەنگەریان گرتووە.