
مۆسیقای کوردی ناخ دەهەژێنێ
ڕۆژنامەی فینلاندیی Turun Sanomat
٢١/١٠/٢٠٢٤
هۆڵی ساین سالی (Sign Sali)، ئێوارە کۆنسێرتێکی سەرنجڕاکێشی بەڕێوەبرد کە بۆ مۆسیقای کوردی تەرخان کرابوو. ئەو بەرنامەیە لە ناوجەرگەی جیهانێکدا کە ئەمڕۆ هیچ هەواڵێک لە ئاشتی تێیدا بەدی ناکرێ، تەنیا لە پێناوی ساتێک بۆ هاوپێوەندیی کولتووری و دڵخۆشیی مرۆڤەکان ئامادە کرابوو. بەشداریی ئامادەبووان بۆ وتنەوەی گۆرانییەکان سەرقاڵکردن نەبوو، بەڵکوو بەشێکی جیانەکراوە لە کۆنسێرتەکە بوو.
کۆنسێرتەکە وەرچەخانێک بوو بۆ دیاسپۆرای نەتەوەیەک کە لە چەندین لاوە لە ژێر هێرشدایە. بە ڕوونی، موسیقا بۆ کوردەکان زۆر گرینگە و لەوانەیە لە ناو هونەرەکاندا گرینگترینیان بێت. مۆسیقا و گۆرانیی کوردی جگە لە ئاهەنگ و گۆرانی و چیرۆکی ڕابردوو، زیندووکردنەوەی جەستەیە.
"دەنگبێژ"، گۆرانیبێژێکی نەریتی و ڕەسەنە. لە ڕاستیدا ئەو کەسێکی ئەوتۆیە کە چیرۆکێک بە گۆرانی دەگێڕێتەوە. بابەتی مەقام و بەستەکان بریتین لە چیرۆکی خۆشەویستی، گێڕانەوەی شەڕی قارەمانان و وەرچەرخانە مێژووییەکان کە بەسەرهاتی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کوردن.
دەنگبێژ میراتی زارەکی لەگەڵ کولتوور، بیرەوەری و بایەخەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوێزێتەوە. گۆرانییەکان پڕ لە سحر و ئاگری سۆزداری مرۆڤە خۆنەویستەکانن.
من لە ناوەڕاستی هۆڵەکەدا دانیشتبووم. خانمێک لە لادەستی چەپمەوە بە جلی کوردی و چۆپی بەدەست سەمای دەکرد. لە لای ڕاستمەوە پیاوێک لە بەر خۆیەوە بەبێ وشە، گۆرانییەکانی بە مێلۆدیی ڕۆژهەڵاتی دووپات دەکردەوە. ئەم دیاردە جوانە تێی گەیاندم کە کوردەکان بەو شێوەیە لەگەڵ مۆسیقادا دەژین. لە ڕاستیدا ئەوان لە نێو مۆسیقاکەدا تواونەتەوە.
دەنگنبێژ داب و نەریت و گەلێک سەربردەی سەدەکانی ڕابردوو بە شێوەی زارەکی لەگەڵ خۆی دەهێنێت. بیسەر ڕاپەڕینەکان، خەباتی ڕزگاریخوازانە و ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکانی ئەو گەلە لە دووتوێی ئاواز و مێلۆدییەکاندا دەبیستێ. تەنانەت گۆڕانکاری و پچران و نووچدانەکان لە وردەکاریی گۆرانییەکاندا بە ئاشکرا هەست پێ دەکرێن.
مۆسیقای کۆنسێرتەکە بە شێوەیەکی زیاتر ستاتیک و خۆماڵیانە ئامادە کرابوو. ئامێری سێتار، کەمانچە، نایە و دەف بنەمایەکی ئەوتۆیان خوڵقاندبوو کە ئاوازی گۆرانییەکانیان لەگەڵ بگونجێ.
نشتیمانی کوردەکان کە کوردستانە وەک بەشێکە لە وڵاتانی عێراق، ئێران، سووریە و تورکیە. ئەو شێوە دابەشکردنە سەبارەت بەو وڵات و کولتوورە، هەستێکی پڕ لە خەم و حەسرەتی لای من دروست کردووە.
مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی کەشوهەوایەکی هەستبزوێنی هەیە. لە پەیژەی نزمەوە بۆ ناوەڕاست تا دەگاتە چڵەپۆپە، سەرنجی گوێگر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. لە نێو شەپۆلەکانی مۆسیقا و لە ساتەوەختێکی ئارامدا لە ناکاو مێلۆدییەکە بەرز دەبێتەوە و دووبارە دەگەڕێتەوە. جووڵە لە مۆسیقای کوردیدا شەپۆل دەدا.
قادر ئەڵیاسی، پیاوە بەتەمەنەکە بە شێوەی گۆرانی و ئاواز، چیرۆکەکانی دەگێرایەوە. شادی فەتحی، پوویا خۆشڕەوش و مانی خۆشڕەوش یارمەتیی ئەویان دەدا. کەمانچە بنەمای مووزیکی گرووپەکەی دادەنا، سێتار و کەمانچە بەسۆزترین تەکنەوازییان پێشکەش دەکرد. دەفیش ئەو کاتەی کە پێویست بە جووڵە بوو، هەموو هەستەکانی دەبزواند.
بۆم زەحمەتە بێژم ئاوازەکان چەندە عیرفانی بوون، بەڵام هەست دەکەم بەهۆی ئەوەی کە ناوەرۆکیان سەبارەت بە ئەڤین، خۆشەویستی و مێژوو بوون، زۆرتر سروشتی دەکەوتنە بەر گوێ. بە واتایەکی تر بەرهەمگەلێکی نزیک بە هەستی ئەهوورایی بوون. بەرهەمگەلێک کە لە بەر ئەوەی لە ناخی مرۆڤەکاندا ڕۆ دەچوون و ڕۆحیان دەبزواند، ئاراستەی هەوا و میلۆدییەکانیان ڕۆژهەڵاتیتر بە گوێچکەدا دەچرپاند.
ماوەتەوە بێژم: ئەو ئێوارە کۆنسێرتە کە هەواگەلێکی ستایش ئامێزی لە خۆ گرتبوو، خۆشی و گەشاوەیی بە ژیان دەبەخشی و بوونی شتگەلێکی گەورەتر لە ژیانی ڕۆژانەی بۆ ئێمە لەگەڵ خۆی هێنابوو.
***
نووسەر: کاری سالمینێن (Kari Salminen)
وەرگێڕی بۆ سەر زمانی کوردی: مەجید حەقی
تێبینی:
ئەم کۆنسێرتە ڕۆژی شەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ی کوردی بەرامبەر بە ١٩/١٠/٢٠٢٤ی زایینی لە لایەن کۆمەڵەی کولتووریی ئاڤای شاری تۆرکۆ لە وڵاتی فینلاندەوە ڕێک خرابوو.