کۆمەڵێک لە "نوێبیرانی ئایینی" لە دەرەوە و نیوخۆی ئێران لە کاردانەوە بە یاسای سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەیاننامەیەکیان دەرکرد.
بەیاننامەکە کە لەلایەن ١٥ کەسی نوێبیری ئایینییەوە واژۆ کراوە بەرەوڕووبوونەی دووبارەی کۆماری ئیسلامی لە سەر شەقامەکان لەگەڵ ژناندا وەک وێنەیەکی بێپەردە لە دڕندەیی دەسەڵات لەهەمبەر نیوەی کۆمەڵگەی ئیران هێناوەتە ئەژمار و جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم هەڵسوکەوتە نامرۆڤانە هەرچەند کە قوربانیی دەبێت بەڵام ناتوانێت بە سەر خۆڕاگریی مەدەنیدا سەر بکەوێت.
بەیاننامەکە لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە هەلپەرەستیی دەسەڵات بۆ سەرکوتی ژنان پشتڕاستی کردووەتەوە کە سەردەمی "یان ڕووسەری یان تووسەری" تیپەڕ بووە و بۆ جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە.
نوێبیرانی ئایینی لە بەیاننامەکەیاندا هەڵسوکەوتی دەسەڵاتیان بەتاڵ لە هەر چەشنە بنەمایەکی یاسای و ڕەوشتی زانیوە و ڕایانگەیاندووە کە وەها هەڵسوکەوتێکی ناتەندروستانە دەتوانێت خەسارگەلیکی قەرەبوونەکراو بە یەکگرتوویی خەڵک بگەیەنێت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە "کۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەوە ئەدات تاکوو بە جیبەجێکردنی ئەم یاسایە دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەتایبەتی لە بواری ئازادیی پۆششدا سەرکوت بکات".
واژۆکەرانی بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە دۆخی هەنووکە و قەیرانە بێئەژمارەکانی نێوخۆیی و دەرەکیی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە ئەم دەسەڵاتە سیاسییە زیاتر لە هەموو دوژمنەکانی خۆی چ لە دەرەوە چ لە نێوخۆ، ژنان بە دژبەری خۆی دەزانێت.
بە وتەی محەممەدباقر قاڵیباف سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، یاسای حیجاب ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز بۆ واژۆکردن و ڕاگەیاندنی فەرمی، ڕادەستی مەسعوود پزشکییان دەکرێت.