
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزە دێموکراتیکەکانی سووریە باسی لە وتووێژ لەگەڵ ڕێبەرانی نوێی دەمێشق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن کردووە.
عەبدی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی سەرماوەز لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو وتی: "هەیئەتی تەحریروشام پێمانی ڕاگەیاندووە کە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئێمە ئامانجی ئەوان نییە و بڕیارە شاندێک بۆ وتووێژکردن بنێرینە دەمێشق".
ناوبراو زیادیشی کردووە کە ئەوان لەگەڵ تەحریروشام لە سەر دوو پارێزگای حەڵەب و دەیرەزوور، ڕێککەوتنیان هەیە.
مەزڵووم عەبدی سەبارەت بە ئاڵای نوێی سووریە کە ئاڵای دژبەرانی بەشار ئەسەدە ڕایگەیاند کە، ئەم ئاڵایە لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئاڵایەکی شیاوە چونکە ئاڵای کۆماری عەرەبیی سووریە نییە بەڵکوو ئاڵای کۆماری سووریەیە کە هەموو بەشەکانی ئەم وڵاتە نیشان ئەدات.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و بە ئاماژەدان بە دۆخی هەنووکەیی سووریە و ڕۆژاوای کوردستان بە ڕووداوی وت: "پێویستە لەم دۆخەی ئێستادا کە مەترسییە لە سەر کورد، هێزە کوردەکان پێکەوە دانیشن و بیروڕای خۆیان یەک بخەن تاکوو بە بەهێزی دانوستان لەگەڵ دەمێشق بکەن".