
ئەحمەد خاتەمی، پێشنوێژی هەینیی تاران داوای لە دەوڵەت کردووە تا بە زووترین کات و بە شێوەی جیددی هەوڵ بدەن یاسای "حیجاب و عیفاف" ببەنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
نوێژی هەینیی تاران ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز بە پێشنوێژیی ئەحمەد خاتەمی لەحاڵێکدا بەڕێوە چوو کە ناوبراو لە قسەکانیدا و بەتوندی خوازیاری ئامادەکاری بۆ بەڕێوبردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ بوو.
خاتەمی هۆشداریی دا بە بەرپرسانی دەوڵەت کە بۆ بابەتە ئایینییەکان نیگەرانییان هەبێت و بە وتەی خۆی "داواکاریی دیندارانی کۆمەڵگا کە بەڕێوەبردنی یاسای حیجابە"، جێبەجێ بکەن.
ناوبراو کە وەک یەکێک لە ئاخوندە زێدەڕۆکانی حاکمییەت دێتە ئەژمار ڕەخنەی لە ئامادەنەبوونی ژێرخانەکانی دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی ئەم یاسایە گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئەرکی ئەوان خۆشکردنی ڕێگای ئایینە.
پێشتر چەند هەواڵێک سەبارەت بە ناکۆکییەکانی سێ دەسەڵاتی یاسادانەر، جێبەجێکار و دادوەریی ڕێژیم لەسەر یاسای ناسراو بە حیجاب و عیفاف بڵاو بوویەوە کە لەو هەواڵانەدا ئاماژە بە نائامادەبوونی دەوڵەت بۆ بردنەقۆناغی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کرابوو.
مەسعوود پزشکییان لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە سیستمی ئیداریی دەوڵەتەکەی ئامادەکارییە پێویستەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایەی لە ئێستادا نییە.
بڕیار وابوو کە ڕیکەوتی ٢٣ی سەرماوەز ئەم یاسایە لەلایەن دەوڵەتەوە بەمەبەستی جێبەجێکردن، ڕابگەیەندرێت.
کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبووکردنەوە و سەرپۆشی شکستە دەرەکییەکانی لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا لە هەوڵدایە تاکوو یاسای حیجابی زۆرەملێ بە سەر کۆمەڵگادا بچەسپێنێت.