
ماڵپەری تجارەت نیووزی سەر بە ڕێژیم ڕۆژی هەینی ٢٣ی سەرماوەز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ئامادەنەبوونی بەشێک لە قوتابییان لە پۆلەکانی خوێندن کردووە و نووسیویەتی زۆربەی قوتابییەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی خەرجی خێزانەکانیان دابین بکەن، هەر بۆیە لە خوێندن بێبەش دەبن.
ئەو ماڵپەرە، دیاردەی کارکردنی قوتابییان لە ئێرانی بە نیشانەی هەژاریی ئابووری لە کۆمەڵگەدا ناو برد و هۆشداری دا کە پەرەسەندنی هەژاری لە بنەماڵەکان و نەمانی چینی ناوەندی لە ناو کۆمەڵگادا بۆ درێژەدان بە خوێندن ئەو کێشە و گرفتانە ڕووبەڕووی قوتابییان دەکاتەوە .
عەلی حوسێن شەهریوەر، سکرتێری گشتیی ماڵی تەعاونگەران، وەک دیاردەی ساڵی ڕابردوو باسی لە هەژاری و وازهێنان لە خوێندن کرد و وتی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، کەسانی تەمەن ١٥ بۆ ١٧ ساڵ زۆرترین ڕێژەی وازهێنانیان لە خوێندن هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی ١٠ی سەرماوەز، عەلیڕەزا کازمی وەزیری پەروەردەی ڕێژیم وەک گرنگترین هۆکار بۆ وازهێنانی قوتابیان لە قوتابخانە باسی لە هۆکارە بنەماڵەیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کرد.
هەروەها فریشتە میرزایی، پسپۆڕی پەروەردە، سەبارەت بە کەمبوونەوەی پشکی پەروەردە وتی کە پشتگوێخستنی دادپەروەری پەروەردەیی و خوێندنی بێبەرامبەر بووەتە هۆی ئەوەی کە پەروەردەی منداڵان ببێتە قوربانیی کێشەی بژێوی ژیان و هەژاری لە کۆمەڵگەدا.
ئامارەکانی ڕێژیم لەبارەی نەخوێندن و بێبەشبوونی قوتابییان لە پرۆسەی خوێندن کە بڵاو دەکرێنەوە ناکۆکیان هەیە، بۆ نموونە میدیاکانی ئێران لە ١ی ڕەزبەردا بە پشتبەستن بە دوایین ئاماری پەروەردە، بڵاویان کردەوە کە ٧٩٠ هەزار قوتابی ناوەکانیان لە قوتابخانەکان تۆمار نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە محەممەد مەولەوی، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەروەردەی مەجلیس، ڕۆژی ٤ی گەلاوێژ ڕایگەیاندبوو: ٩١١ هەزار قوتابی لە وڵاتدا وازیان لە خوێندن هێناوە، لەو ژمارەیەش ٤٠٠ هەزار قوتابی کە وازیان لە خوێندنی هێناوە لە ئاستی سەرەتاییدا بوون هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە وڵاتدا ٢٧٩ هەزار قوتابی بەهۆی کێشەی داراییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە.
بەڵام ئامارە ڕاستەکان زۆر زیاتر لەم ئامارانەن کە هەر جارەوە بە جۆرێک لە زاری کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بڵاو دەکرێنەوە.