کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی شەش مانگدا ٧٣٠ کرێکار گیانیان لە ئێران لەدەست داوە

12:20 - 24 سەرماوەز 2724

بەهۆی پشتگوێخستنی ئیمەنیی کار و کەمتەرخەمیی وەزارەتی تەعاون و کار، لە ماوەی ٦ یەکەمی ساڵی ١٤٠٣ نزیکەی ٧٣٠ کرێکار لە ئێران گیانیان لەدەست داوە.

شەهرام غەفاری، جێگری دابینکردنی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣ بە هۆی ڕووداوی پەیوەندیدار بە کارەوە گیانیان لەدەست داوە نزیک ٧٣٠ کرێکار بووە.

وەزارەتی تەعاوەن ئیدعای ئەوەی کردووە کە لە ساڵی ١٤٠٢دا نزیکەی ٧٨٠ کرێکار بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار، بەڵام ڕێکخراوی پزیشکی دادوەری، مردنی دوو هەزار و ١١٥ کرێکاری لە ساڵدا تۆمار کردووە.

کەلێنی گەورەی نێوان ئامارەکانی ئەو دوو دامەزراوەی ڕێژیمی ئێران بۆ زیادبوونی ڕووداوی کوشندە لە کارگە بچووکەکان کە لە دەرەوەی یاساکانی کار و دابینکردنی کۆمەڵایەتین دەگەڕێتەوە، ئەمەش دەری دەخات کە ناوەندە پێوەندیدارەکان سەبارەت بە ئیمەنیی کار و گرینگیدان بەو شوێنانە چەندە کەمترخەمن.

غەفاری ئەم بابەتەی پشتڕاست کردەوە و وتوویەتی: ''سەبارەت بە تەندروستی و ئیمەنی ئەو کارگەیانە کە کەمتر لە پێنج کەسیان تێدایە، هیچ قسەیەکمان نییە''.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕێژەی ڕووداوی کوشندەی لە کاردا زۆرە. بەڵام وەزارەتی تەعاون و کار، تەنیا بە تۆمارکردنی ڕووداوی کار لەو کارگەیانەی لە ژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتین، بە ئەنقەست ڕێژەی ڕووداوەکانی کار کەمتر لە ژمارەی ڕاستەقینە ڕادەگەیەنێت.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان، پشکێنەرانی وەزارەتی کار لە زۆرێک لە ڕاپۆرتەکاندا هۆکاری ڕووداوەکە بۆ "کەمترخەمیی کرێکاران لە حاڵی کاردا" دەخەنە ڕوو بەو پێیە بەرپرسایەرەتی لەسەر شانی خاوەنکارەکان لا دەبەن.

خۆبەدوورگرتن لە بەرپرسیارێتی لە خاوەنکارەکان، بنەماڵەی کرێکارانی مردوو لە وەرگرتنی قەرەبوو بێبەش دەکات.