کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دەقی کۆتایی یاسای عیفاف و حیجابدا ١٦٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی دیاری کراوە

10:38 - 11 سەرماوەز 2724

دوای ساڵ و نیوێک کە گەڵاڵەی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ ناسراو بە "عیفاف و حیجاب" لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە هاتە بەرباس، دواجار دەقەکەی بڵاو کرایەوە.

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بەڵێنی دا کە ئەم گەڵاڵەیە کە ئێستا بووەتە یاسا، تا ٢٣ی سەرماوەز ڕابگەیەندرێت.

میدیاکان لە ئێران ڕۆژی شەممە ١٠ی سەرماوەز دەقی کۆتایی یاسای "پشتیوانی لە بنەماڵە بە پەرەپێدانی کولتووری عیفاف و حیجاب"یان بڵاو کردەوە.

لە سەرەتای ئامادەکردنی ئەم گەڵاڵەیە لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٢، چەندین جار دەقی جیاجیا لە ژێر ناوی دەقی کۆتایی ئەم گەڵاڵەیە بڵاو کراونەتەوە.

ئەم یاسایە ٧٠ بڕگە و ٣٨ تێبینی هەیە، هەروەها بە وردی پێناسەی حیجابی زۆرەملێی لە چاوی ڕێژیم و بەرەنگاربوونەوە لە بەرامبەر جێبەجێکردنی و سزاکانی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە خراونەتە ڕوو.

بەپێی دەقی کۆتایی گەڵاڵەی "عیفاف و حیجاب"، بۆ سەرپێچیکردن لە حیجابی زۆرەملێ تا ١٦٥ میلیۆن تمەن جەریمە دادەنرێت، هەروەها بۆ جلوبەرگی پیاوان و جۆری پۆشینیان ڕێوشوێنی تایبەت دانراوە.

دەقی ئەم دواییە لە پێنج بەشدا بڵاو کراوەتەوە کە بریتین لە شتی گشتی، ئەرکە گشتییەکانی دەزگاکانی کارگێڕی، ئەرکە تایبەتەکانی کارگێڕی، ئەرکە گشتییەکان و بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی، تاوان و پێشێلکارییەکان.

لە بڕگەی ٢٦ی ئەو یاسایەدا، یاسادانەری وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی هێزەکانی ئینتزامی و ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئەرکدار کراون بۆ ڕێگریکردن لە پەرەگرتنی کولتوری ڕووتی، ناشایستەیی، بێ حیجابی و جلوبەرگی نەشیاو هەنگاو بنێن.

دوای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە تایبەت لە چەند مانگی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا کە شەپۆلی نافەرمانیی ژنان لە دژی سیاسەتی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بە شێوەی جۆراوجۆر سەرکوت بکات کە یاسای بەناو "عیفاف و حیجاب" بە یەکێک لەو هەوڵە سەرکوتکارانەکانی ڕێژیم دێتە ئەژمار.