کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌ ئامانجگرتنی بنکه‌ی ده‌ستوپێوه‌ندییه‌کانی ڕێژیم له‌ ده‌یره‌زوور له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌

12:08 - 12 سەرماوەز 2724

فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی ''هاوپه‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ دژی تێرۆریزم'' به‌ سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌مریکا، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه، بنکه‌ی ده‌ستوپێوه‌نییه‌کانی ڕێژیمیان له‌ سه‌حرای ئه‌لقوریه‌ و ئه‌لمه‌یادینی ده‌یره‌زوور، کردووەتە‌ ئامانج.

به‌پێی ڕاپۆرتی چاوه‌دێرانی مافی مرۆڤ له‌ سووریه‌، هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کان له‌ بنکه‌ی ''کۆنیکۆ''وه‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌رته‌شی سووریه‌ و ده‌ستوپێوه‌ندییه‌کانی ڕێژیمیان له‌ قه‌ریه‌لسه‌به‌ع و شاره‌کی خشام له‌ ده‌وروبه‌ری دیره‌زوور داوه‌ته‌‌ به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی ئاگری قورسی تۆپخانه‌.

به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته‌ ناوچه‌ی قه‌ریه‌لسه‌به‌ع که‌ ٧ گوند له‌خۆ ده‌گرێت به‌هۆی هه‌ڵکه‌وته‌ی جۆغرافیایی تایبه‌ته‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فۆرات، شوێنێکی ستراتێژیکی گرینگ به‌ ئه‌ژمار دێت‌‌ و هه‌روه‌ها خاڵی سنووریی نێوان هێزه‌کانی ئه‌رته‌شی سووریه‌ و هێزه‌کانی سووریه‌ی دێموکراتیکه‌.

هه‌روه‌ها فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی ڕووسیه‌، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌، هێرشیان کرده‌ سه‌ر زانکۆیه‌ک له‌ حه‌له‌ب و هه‌تا ئێستا ڕوون نییه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی کراونه‌ته‌ ئامانج له‌ گرووپی جیهادی ته‌حریرولشامن‌ یان نه‌.

 به‌پێی ڕاپۆرتی چاوه‌دێرانی مافی مرۆڤ له‌ سووریه، فڕۆکه‌ شه‌ڕه‌کانی ڕووسیه‌ هێرشێکی هاوشێوه‌ی دیکه‌یان کردووه‌ سه‌ر که‌مپی ئاواره‌ سوورییه‌کان له‌ حه‌له‌ب.

هه‌روه‌ها فڕۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی سووریه‌ و ڕووسیه‌ کاروانێک له‌ ماشینی پڕ له‌ چه‌کوچۆڵ و ته‌قه‌مه‌نیی گرووپه‌ چه‌کداره‌کانیان له‌ ده‌وروبه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ئێدلێب کردووه‌ته‌ ئامانج.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ٧ی سه‌رماوه‌ز، گرووپی ته‌حریرولشام هاوکات له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌کداره‌کانی دیکه‌ی دژبه‌ری ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د، له‌ هێرشێکی لاناکاودا، توانیان شاری حه‌له‌ب به‌ ته‌واوی و به‌شێک له‌ باکووری حه‌ما کونتڕۆڵ بکه‌ن.

شاری حه‌له‌ب، دووهه‌مین گه‌وره‌شاری سووریه‌یه‌ و له‌ ئێستادا به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تدا نه‌ماوه‌، ته‌نیا به‌شێک له‌و شاره‌ که‌ کورده‌کان له‌ژێر ناوی هێزه‌کانی سووریه‌ی دێموکراتیکدا به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، له‌و هێرشه‌دا زیانی پێ نه‌گه‌یشتووه‌.   ‌