کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی نووسەرانی ئێران: یاسای حیجاب و عیفاف ڕاگەیاندنێکی فەرمیی شەڕ لە دژی ژنانی ئێرانە

18:44 - 24 سەرماوەز 2724

ناوەندی نووسەرانی ئێران و ژمارەیەک لە چالاکانی خوێندکاری، ڕۆژی هەینی ٢٣ی سەرماوەز لە ڕاگەیەندراوی جیاوازدا، بە توندی ڕەخنەیان لە بڕیارنامەی مەجلیسی ئیسلامی ناسراو بە "یاسای حیجاب و عیفاف" گرت و جەختیان لەوە کردەوە کە ژنانی ئێران، لە هەوڵدان بۆ ئازادی پاشەکشێ ناکەن.

ناوەندی نووسەران لە ڕاگەیەندراوی خۆیاندا نووسیویانە کە: شەقامەکانی ئێران لە ساڵانی یەکەمی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە گۆڕەپانی بەرخۆدانی ژنان بووە؛ ئەو خۆڕاگرییەی کە لە سەردەمی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی ئێران لە ساڵی ١٤٠١ گەیشتە لووتکە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

هەروەها هاتووە کە ئەوەی ئەمڕۆ لەژێر ناوی "یاسای حیجاب و عیفاف"دا دەیبینین، ڕاگەیاندنی فەرمیی شەڕێکە کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا هەموو ساتێک و ڕۆژێک لە دژی ژنانی ئێران بەڕێوە دەچێت.

ناوەندی نووسەرانی ئێران لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا نووسیویانە: یاسای حیجاب و عیفاف وێنەیەکی وردی دوژمنایەتیی حکوومەتە بەرامبەر بە ژنان و نیشان لە سەرکوت و سنووردارکردنی ئازادییە، بەڵام مێژووی چل و چەند ساڵەی شەڕی ڕێژیمی ئێران لە دژی ژنان نیشان دەدات کە ژنان هەرگیز ناگەڕێنەوە دواوە و دەسەڵات هەرگیز ناتوانێ ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان بە شەڕ و دانی تێچووی قورس وەریانگرتووە لێیان وەربگرێتەوە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا جەخت کراوەتەوە: "پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاسای حیجاب و عیفاف بێ گومان چەوساندنەوەی چەند بەرابەری ژنان و پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕینی نیوەی کۆمەڵگایە، بەڵام ژنان، کە هەمیشە پێشەنگی خەبات بوون، ئەمجارەش دەستپێشخەری دەکەن و کۆمەڵگاش واز لە پشتگیریکردنیان ناهێنێت.

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: "ئەم یاسایە کە لە مەجلیسێک پەسەند کراوە کە دەنگی زۆرینەی خەڵکی لەگەڵدا نییە، نیشانەیەکی ڕوونە بۆ نائومێدی حکوومەت لە پێشخستنی سیاسەتەکانیدا و ئەم سیاسەتانە نەک هەر قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانیان گەورەتر دەکات بەڵکوو گوشارە ئابوورییەکانیش بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت. لە هەلومەرجێکدا کە کۆمەڵگا ڕووبەڕووی کێشەی وەک هەڵاوسان و بێکاری و کەمبوونەوەی بژێوی ژیان دەبێتەوە، ئەم یاسایە لەبری چارەسەرکردنی قەیرانەکان بە سزای نەختیی قورس و سنووردارکردن، قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.

بەپێی دەقی کۆتایی ئەو یاسایە سزای نەختیی تا ١٦٥ ملیۆن تمەن بۆ سەرپێچیکاران لە حیجابی زۆرەملێ دیاری کراوە.