ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەمەڕ دۆخی بەندیخانەکان لە ئێران، ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی سەرکوتی بەندکراوانی سیاسی لە خزمەتگوازریی دەرمانی بێبەرییان دەکات.
ئەم ڕێکخراوە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، بێبەریکردنی بەندکراوان لە خزمەتگوزاریی دەرمانیی بە هۆکارێک بۆ خراپتربوونی دۆخیان ناو بردووە و باسی لەوە کردووە کە ئەم بێبەریکردنە ئازارێکی ناپێویستیان بەسەردا دەسەپێنێ کە لە هەندێ حاڵەتیشدا مەرگی بەدوادا دێ.
لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەرپرسانی بەندیخانەکان بەتایبەت بەندیخانەی ئێڤین پێشیان بە خزمەتگوازریی دەرمانی بۆ بەندکراوان گرتووە و لەمبارەشەوە بە هیچ شێوەیەک وڵامدەر نین.
ئەم ڕێکخراوە سەبارەت بە دۆخی زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە، نووسیویەتی کە زەینەب جەلالیان کە ئێستا لە بەندیخانەی یەزدە، لە هاوینی ئەمساڵدا سەرەڕای ئازاری زۆر لە لای ڕاستی لەشیدا تەنیا یەک جار ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و بە دەستبەند و پێبەندەوە، سی تی ئێسکەنی لێ گیراوە.
ئەم ڕێکخراوە هەروەها ئاماژەی بە دۆخی وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی سزادراو بە سزای سێدارە کردووە کە لە بەندیخانەی ئێڤینە و سەرەڕای دۆخی جەستەیی خراپ لە چوون بۆ نەخۆشخانە و پشکنینی پزیشکی بێبەری کراوە.
ڕێژیمی ئێران بە بێ سەرنجدان بە دۆخی جەستەیی بەندکراوانی سیاسی، سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنێ و بە بێبەریکردنیان لە خزمەتگوازری پزیشکی، گوشارەکان دژی ئەم بەندکراوانە زیاتر دەکاتەوە.