
بەداخەوە ماوەیەکە هێندێک کەس لەو ناوچانە سەربەخۆ دەستیان داوەتە کێڵان و قۆرغکردنی لەوەڕگە و بوورە و بەیاری ناوچەکە و زیان گەیاندن بە سامانی گشتی و دەست بەسەرداگرتنیان.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەمخۆرەکانی نیشتمان لە گرووپ و کۆمەڵی سەدان و هەزاران کەسیدا هەوڵی بووژاندنەوە و پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەیان دەدەن. بێگومان زیانگەیاندن بە ژینگە و ژیانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی ئەو ناوچانە لە مەهابادی سەربەرز لە پیلانە ئاشکرا و قێزەونەکانی حکوومەتی دژە کوردی کۆماری ئیسلامییە.
بۆیە بەم هۆیەوە هەموو ئەو کەسانەی دەبنە داردەستی ڕێژیم بۆ ئازاردان و تێکدانی سرووشتی کوردستان و درزخستنە نێو ڕیزەکانی خەڵکەوە ئاگادار دەکەینەوە کە خۆیان لەو کردەوانە ببوێرن کە لە پێناو قازانجیاندا بەرژەوەندیی گشتی دەخاتە مەترسییەوە.
ئەو کردەوانە شیاوی خەڵکی ئەو ناوچانە نین کە لە مێژووی بزووتنەوەکانی گەلەکەماندا پێشەنگی لە خۆبوردوویی و و ئاڵاهەڵگری یەکڕیزی بوون. داوادەکەین بە هاوپشتی و هاوخەمیتان بەرژەوەندیی گشتی بخەنە پێش دەسکەوتی کاتی و تاکەکەسیتان و ئاوی ئاژاوە لەسەر ئاشی نەیارانی یەکیەتیتان وەرگێڕن.
یەکڕیزی وتەبایی بۆ خەڵکی کوردستان و سەرشۆڕی و نەمان بۆ ناحەزانی گەل و نیشتمانەکەمان.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلات
۲۳ی سەرماوەزی۱۴۰۳