کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سامان یاسین هونەرمەندی دەسبەسەرکراوی بزووتنەوەی ژینا ئێرانی بەجێ هێشت

12:22 - 12 سەرماوەز 2724

سامان یاسین، هونەرمەندی بەناوبانگی خەڵكی کرماشان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا، کە بە لەسێدارەدران سزا درابوو، ئێرانی بەجێ هێشت.

سامان یاسین (سەیدی)، هونەرمەندی خەڵکی شاری کرماشان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج بۆ یەکەمین جار نێردرایە مورەخەسی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش ڕا و بۆچوونی کۆمیسیۆنی پزیشکی، ڕەزامەندیی دادگا و دابینکردنی بارمتەی دیاریکراو لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نێردرایە مورەخەسی.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو.

"سامان یاسین" هونەرمەندی کرماشانی گۆرانی‌گەلێکی زۆری لەمەڕ دۆخی کۆمەڵایەتی - سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران وتووە و هەروەها پشتیوانی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران کردبوو.