کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دۆلار لە هەڵکشاندایە

10:16 - 25 سەرماوەز 2724

نرخی دۆلاری ئەمریکی لە ئاڵوێرەکانی ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزدا، لە ٧٥ هەزار تمەن تێپەڕی و بەم پێیە نرخی دۆلار لە دوو حەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٥ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.

نووسینگەکانی پارە گۆڕینەوە و چالاکانی بواری پارە و دراو هەر لەم ڕۆژەدا ڕایانگەیاند کە نرخی حەواڵەی دۆلاری ئەمریکی گەیشتووەتە ٧٦ هەزار و ٥٠٠ تمەن.

چالاکانی ئەم بوارە قسەکانی خامنەیی و ترامپیان بە هۆکاری سەرەکی لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ناو بردووە.

پاش قسەکانی خامنەیی لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزدا لەمەڕ بەهێزبوونەوەی بەرەی مقاومەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نرخی دۆلار لە سنووری ٧٣ هەزار تمەن تێپەڕی.

هاوکات لەگەڵ قسەکانی ترامپیش کە باسی لە ئەگەری بەرەوڕووبوونەوەی نیزامی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردبوو، نرخی دۆلار سنووری ٧٥ هەزاریشی شکاند.

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، توانای خەڵکانی ئێران بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کەمییە و هەژاری تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.