
لاوێکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی سوهەیب ئەحمەدی لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران کوژرا و ئەو گەنجە سێ گولـلەی بەرکەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەز، لاوێکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی سوهەیب ئەحمەدی تەمەن ٢٠ ساڵ لە گەڕەکی باوەجانیی ئەو شارە بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران کوژرا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هێزە ئینتزامییەکان بەبێ هیچ پاساوێک و ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە تەقەیان لە سوهەیب ئەحمەدی کردووە کە لە ناو ماشینەکەی خۆی بووە.
شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە بە هەنگاویان وتووە: ''یەکێک لە هێزە ئینتزامییەکان کە ناوبانگی شاوەیسی بووە سێ گولـلەی لە ملی سوهەیب داوە و کوشتوویەتی''.
سوهەیب ئەحمەدی خەڵکی جوانڕۆ ئارایشگەر بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی حەزرەتی ڕەسووڵ گواستراوەتەوە.