کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی سەرما و کەمیی گاز لە ١٥ پارێزگای ئێران و کوردستان قوتابخانەکان داخران

11:12 - 25 سەرماوەز 2724

لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی سەرمایەکی زۆر لە ناوچەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاربەدەستانی ١٥ پارێزگا کە دوو پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ورمێ و کرماشانیش لە خۆدەگرێ ڕایانگەیاند کە قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایانە بەهۆی کۆنترۆڵ کردن و بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی سووتەمەنی و وزە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەز داخراون.

لە پێوەندی لەگەڵ کەمبوونی گاز و سووتەمەنی لە ئێراندا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەعید تەوەکولی بەڕێوەبەری گشتی شیرکەتی گازی ئێران ڕایگەیاندبوو گازی پاشەکەوت کراوی ئەمساڵ لە نزمترین ئاستی خۆیدایە و ڕایگەیاندبوو کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دۆخی کەمیی گاز لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما خراپتر دەبێت.

کەمیی گاز لەم ساڵانەی دواییدا بووەتە کێشەیەکی جیددی لە ئێران و هەروەها لەم ماوەیەدا ڕاگەیەندرا کە ئێران لەگەڵ کەمیی مازووتیش بەرەوڕوویە.

هەروەها کەمی گاز و سووتەمەنییەکان لە ئێراندا کاریگەری لەسەر نەبوونی کارەباش داناوە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر موحسێن زەبیحی، جێگری دابەشکردنی شرکەتی تەواننیرۆی ئێران ڕایگەیاند، هۆکاری پچڕانی کارەبا لە ناوچە جیاجیاکان نەبوون و نەگەیاندنی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبایە.

نەبوونی گازی و سووتەمەنی لە ئێراندا لە حاڵێکدایە کە ئێران خۆی خاوەنی سەرچاوەگەلی سرووشتی و گەورەی گاز و نەوت و سووتەمەنییە، بەڵام ئەو سەرچاوانە هەمووی بۆ بەرژەوەندی ڕێژیم بە وڵاتانی وەکوو چین و ڕووسیە فرۆشراون و ئەوەش وای کردووە کە ئێستا ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو قەیرانە دەیهەوێ بە داخستنی ماوە بە ماوەی قوتابخانەکان و کار و باری گشتی خەڵک لە کۆمەڵگادا کەمیی گاز و وزە قەرەبوو بکاتەوە.