
کاربەدەستانی حکوومەتی کاتیی سووریە دەڵێن، هەرچەندە هێزەکانی ڕووسیە لە هێڵی پێشەوەی باکوور و لە بنکەکانیان لە چیای عەلەوی دەکشێنەوە، بەڵام بڕیار نییە دوو بنکە گرینگەکەیان لە لازقییە و تەرتووس بەجێ بهێڵن.
دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕووسیە هەبوو، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش لە دژی ئەو ڕێژیمە لە سووریە، ڕووسەکان لە نێوان بەجێ هێشتن و مانەوە لە سووریەدا ماونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز بە ئاماژەدان بە وێنە ماهوارەییەکان نووسیویەتی، ڕۆژی هەینی ٢٣ی سەرماوەز، دوو فڕۆکەی ئانتۆنۆف AN-124 کە لە گەورەترین فڕۆکە بارهەڵگرەکانی جیهانە، لە بنکەی حەمیمیم بینراون.
هەروەها بەرپرسێکی ئەمنیی سووریەش کە لە دەرەوەی ئەم بنکە ئاسمانییە جێگیر بووە، پشتڕاستی کردەوە کە ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەز، یەکێک لەو فڕۆکانە لەم بنکەیە هەڵفڕیوە و دەوترێت کە ئامانجی ئەو فڕۆکەیە لیبی بووە.
بەڵام سەرچاوە سەربازی و ئەمنییەکانی سووریە لە پێوەندی لەگەڵ ڕووسەکان باس لەوە دەکەن کە ڕووسیە لە هێڵی پێشەوە پاشەکشێ دەکات و ئێستا خەریکی گواستنەوەی کەرەستە قورس و جەنگییەکان و ئەفسەرانی سووریەیە.
ئەو سەرچاوانە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڕووسیە دوو بنکەی سەرەکی خۆی لە لازقیە و تەرتووس چۆڵ ناکات و لە ئێستادا هیچ نیازێکی لەو شێوەیەیان نییە.
هەروەها کەسێکی نزیک لە حکوومەتی ئێستای سووریە بە ئاژانسی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە، پرسی بوونی سەربازی ڕووسیە لە سوریا و ڕێککەوتنەکانی ڕابردووی نێوان ڕێژیمی ئەسەد و مۆسکۆ تا ئێستا تاوتوێ نەکراوە.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، ئامادەبوونی سەربازیی ڕووسیە پێویستی بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی داهاتووی سووریە هەیە و مۆسکۆش لە ئێستاوە ڕێگەی پێوەندیی بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردووە.
هەروەها کرێملین پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە کە سەبارەت بە چارەنووسی بنکەکانیان لەو وڵاتە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریە قسە دەکەن.