کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی حیزبوڵڵای لوبنان بە لەنێوچوونی ڕێگەی چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامی دوای ڕووخانی ئەسەد

11:18 - 26 سەرماوەز 2724

نەعیم قاسم، ڕێبەری حیزبوڵڵا ڕایگەیاند، ئەم گرووپە گرینگترین ڕێگای دابینکردنی چەکوچۆڵیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە لە ڕێگەی سووریەوە بوو، لەدەست داوە.

ئەمە یەکەمجارە کە ڕێبەری حیزبوڵڵا بە ئاشکرا دان بەوەدا بنێت کە ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە لەسەر توانای ئەو گرووپە بۆ دەستخستنی چەک دوای هێرشە قورسەکانی ئیسرائیل کاریگەری هەبووە.

سووریەی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئەسەد، گرینگترین هاوپەیمانی ڕێژیمی ئێران بوو و ئەم وڵاتە بە ڕێگای پەیوەندی جوغرافیایی سەرەکی بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ لە ئێرانەوە بۆ لوبنان دادەنرا.

حیزبوڵڵای لوبنان کە لەنێوان میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەهێزترین گرووپ بوو، پاش چوونە نێو ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بە توندی زەبری وێکەوت و تەنانەت ڕێبەران و فەرماندە باڵاکانیشی لە دەست دا.

ئیسرائیل بۆ ئەوەیکە حیزبوڵڵا دەستی بە چەکۆچۆڵ ڕانەگات، ژێرخانەکانی پێوەندیدار بە قاچاخی چەکوچۆڵی لە لوبنان و سووریە لەوانە دەروازە سنوورییەکان و کاروانەکانی قاچاخ و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەک کردە ئامانج.