
دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان دژی یاسای نوێی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە ئێران، چوار ڕێکخراوی سەربەخۆ لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەز بڵاو کراوەتەوە، یاسای ناسراو بە "حیجاب و عیفاف"یان بە پێشێلکاریی ئاشکرای کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مافی ژنان و چەکێکی دیکە بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازانەیان ناو برد.
ئەم ڕێکخراوانە پڕۆژەیاسای سەرکوتکەرانەی حیجاب و عیفافیان بە ئاشکراترین هێرش بۆ سەر مافی ژنان بۆ هەڵبژاردنی جلوبەرگ و نموونەیەکی ڕوونی ئاپارتایدی ڕەگەزی ناو برد و زیادیان کرد کە ئەم پڕۆژە یاسایە بە پاڵپشتی بەرپرسانی پلە باڵای ڕێژیم و ڕەزامەندیی کۆتایی مەجلیسی ڕێژیم و شۆرای نیگەهبان بووە بە یاسا.
سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە، یەکیەتیی سەندیکای خانەنشینکراوان، کرێکارانی خانەنشینکراوی خووزستان و کۆمیتەی هاواهەنگی بۆ یارمەتیدان بە دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە واژۆکارانی ئەم ڕاگەیەندراوەن.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو چوار ڕێکخراوە سەربەخۆیە ڕایانگەیاندووە، ئامانجی داڕێژەرانی یاسای حیجابی زۆرەملێ و دژی ژنان، چاودێری و کۆنترۆڵکردنی زیاتری جلوبەرگ و شێوازی ژیانی هاووڵاتییان، ڕێگە خۆشکردنێک بووە بە سەرجەم دامودەزگاکانی ڕێژیم بۆ زیادکردنی هەستی ترس و سەرکوت لە کۆمەڵگادا بە مەبەستی سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ئازادیخواز.
ئەم ڕێکخراوانە وێڕای ڕاگەیاندنی دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم یاسا "دژە ژنە" ڕایانگەیاند پشتیوانی لە خەباتی ژنان دەکەن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان، کە بەشێکی زۆر گرینگ و چارەنووسساز لە مافە سەرەتاییە جەماوەرییەکانە .
ئەم ڕێکخراوانە بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە "سەرکوتکردن و توندوتیژی و بە یاساییکردنی توندوتیژی دژی ژنان" هەوڵ دەدات خەڵک ناچار بکات "گوێڕایەڵی کۆیلایەتی" بن، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە مێژووی بزووتنەوەی ژنان هەرگیز تەسلیمی یاسایەک نابێت کە سەرەتاییترین مافەکانی ژنان پێشێل بکات.
لە دوای بڵاوبوونەوەی دەقی کۆتایی یاسای حیجاب و عیفاف لە ١٠ی سەرماوەزدا ، ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەرانبەری دەستی پێکردووە و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییەکان و چالاکانی کۆمەڵایەتی لە بارەی جێبەجێکردنی هۆشدارییان داوە.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ئیسلامی لە ٧ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە یاسای "حیجاب و عیفاف" لە ٢٣ی سەرماوەز بۆ جێبەجێکردن ڕادەگەیەنرێت بەڵام بە تێپەڕینی سێ ڕۆژ لە ڕۆژی دیاریکراو تا ئێستا ڕانەگەیندراوە.
عەلی ڕەبیعی، ڕاوێژکاری مەسعوود پزیشکیان بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی، لە هەژماری ئیکسی خۆی لە ٢٤ی سەرماوەز بڵاوی کردەوە، کە جێبەجێکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ بەهۆی لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانیەوە خراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی ئەمنییەتی نیشتمانییەوە.