
ڕزگار بەیگزادە بابامیری، زیندانیی سیاسیی کورد، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری بۆکان و دابینکردنی دەرمان و پێداویستی بۆ چارەسەری بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە، تۆمەتگەلێکی دراونەتە پاڵ کە ڕەنگە ببنە هۆی لەسێدارەدانی.
بەپێی ئەو تۆمەتەی کە لەلایەن لقی ١٠ی دادگای گشتی و ئینقلابی ورمێوە دەرچووە، ڕزگار بەیگزادە، لە دۆسییەیەکدا کە ١٣ تۆمەتباری دیکەی هەیە، بە موحاربە، بەغی، هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنییەتی میللی و سەربەخۆیی ئێران، دابینکردنی پارە بۆ تێرۆریزم، پڕوپاگەندە دژی ڕێژێم و سیخوڕیکردن تۆمەتبار کراوە بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن، هەبوونی ئامێری ئینتێرنێتی ماهوارەیی ستارلینک، هەبوونی چەکی نایاسایی و ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکان تۆمەتبار کراوە.
بە وتەی بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە و بە گێڕانەوەی پارێزەرەکەی، بەیگزادە لە کاتی دانیشتنەکانی دادگادا کە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچووە، بە تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردوونەتەوە و تەنیا دانی بەوەدا ناوە کە بۆ چارەسەری بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ''ژن، ژیان، ئازادی'' دەرمانی بۆ ئامادە کردوون و هەروەها ئامێرێکی ستارلینکی بۆ بەکارهێنانی تاکەکەسی کڕیوە.
ڕزگار ڕۆژی ٢٨ی خاكەلێوەی ساڵی ڕابردوو لە شاری بۆكان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە سەرەتا زیاتر لە چوار مانگ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا بوو، کە بووە هۆی زیانی جەستەیی، لەوانە پچڕانی پەردەی گوێی چەپی ناوبراو.