
له‌سێداره‌دانی به‌ندکراوانی به‌لووچ له به‌ندیخانه‌کانی ئێران‌دا و به دوور له چاوی میدیا و ڕاگەیاندنەکان هه‌روا به‌رده‌وامه و ئێستا‌ش گیانی چه‌ند به‌ندکراوێکی دیکەی به‌لووچ له مه‌ترسیدایه.
ڕۆژی یه‌کشه‌ممه ٢٥ی سه‌رماوه‌ز، ٩ به‌ندکراوی به‌لووچ به‌شێوه‌ی به‌کۆمه‌ڵ له به‌ندیخانه‌ی زاهێدان و یه‌زد له سێداره دران.
پێشتر "که‌مپه‌ینی چالاکانی به‌لووچ" شوناسی چوار به‌ندکراوی به‌لووچی به ناوه‌کانی ئیلیا ته‌ڕده‌ست، عه‌لیڕه‌زا گوڵبه‌چه، یه‌عقووب بەراهوویی موقه‌ده‌م و محه‌ممه‌دوه‌زیر ڕوودینی بڵاو کرده‌وه که له به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی زاهێدان له سێداره دراون.
هه‌واڵده‌ریی مافی مرۆڤی "حاڵوه‌ش" به‌نیسبه‌ت له‌سێداره‌دانی ئه‌و ٩ به‌ندکراوه به‌لووچه ئاماژەی به‌وه کردووه، ئه‌و کرده‌وه‌ی ڕێژیم بۆ له‌سێداره‌دانی به‌ندکراوانی به‌لووچ زه‌نگێکی مه‌ترسیداریی جیددییه بۆ به‌رده‌وامیی سیاسه‌تی سه‌رکوتکه‌رانه‌ی ڕێژیم له دژی نه‌ته‌وه‌ی به‌لووچ.
هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌واڵده‌رییه هه‌وڵه‌کانی ڕێژیمی له‌و بواره‌وه به شکستی گه‌وره‌ی ڕێژیم له بواری ئه‌منییه‌تی و که‌لێنی قووڵ له نێوان خه‌ڵک و به‌رپرسانی ڕێژیم له‌قه‌ڵه‌م داوه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌واڵده‌ریی "حاڵوه‌ش" نووسیویه‌تی: "له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا خه‌ڵكی به‌لووچ هاتنه سه‌رشه‌قام و به‌نیسبه‌ت کوشتنی خه‌ڵک له ڕۆژی هه‌ینیی خوێناوی له ١٤٠١دا ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و ڕێژیمیان به ته‌واویه‌تی تووشی شۆک کرد، ڕێژیم به‌جێی ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدات ئاستی توندوتیژییه‌کان که‌م بکاته‌وه و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات ده‌ستی دایە تۆڵه‌کردنه‌وه و له‌سێداره‌دانی کردووه‌ته ئامرازێک بۆ سه‌رکوت و تۆقاندنی زیاتری خه‌ڵک".