کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشووی فەرمیی پارێزگاکانی ئێران بەهۆی قەیرانی گازەوە/ کۆماری ئیسلامی ساڵانە ٣٠ میلیارد میتری سێجێ گاز بەفیڕۆ ئەدات

20:41 - 26 سەرماوەز 2724

قوتابخانەکان، زانکۆکان و دامودەزگاکانی ڕێژیم لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران بەهۆی قەیرانی نەبوونی وزە بەر لە گەیشتن بە وەرزی زستان پشووییان بەر کەوتووە.

بەپێی هەواڵی میدیا فەرمییەکانی ڕێژیم، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی سەرماوەز زۆربەی پارێزگاکانی ئێران خوێندنگە و ئیدارە دەوڵەتییەکانیان کردووە بە پشوو یان کاتژمێری دەوامکردنیان کەم کردووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، تاران، ئەلبۆرز، ئازەربایجان، خوراسانی ڕەزەوی، خوراسانی باکوور، ئەردەبێڵ، مازەندەران، هەمەدان، زەنجان، ناوەندی، قەزوین، قوم، گوڵستان و سمنان، ڕۆژی دووشەممە پشووی فەرمییان ڕاگەیاندووە.

هەروەها لە چەند پارێزگای دیکەدا بەهۆی قەیرانی وزە، بە کارمەندانی دامودەزگا دەوڵەتییەکان ڕاگەیەندراوە کە لە ماڵی خۆیان کار بکەن یان چەند کاتژمێر درەنگتر بچنە شوێنی دەوامەکانیان.

کێشەی دابینکردنی گازی پێویستی خەڵک لە وەرزی سەرمادا لەکاتێکدایە کە هێشتا وەرزی زستان دەستی پێ نەکردووە و وێدەچێت لە چەند مانگی داهاتوودا خەڵک زیاتر لە ڕابردوو بەرەوڕووی قەیرانەکانی نەبوونی گاز و کارەبا ببنەوە.

جیا لە بڕینی کارەبای ماڵان و دابەزینی تەوژمی گاز، بڕینی گاز و کارەبای پیشەسازییەکان کێشەی جیددی بۆ پیشەسازییەکان لە ئێران دروست کردووە و کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەرهەمهێنان داناوە.

نەبوونی کەرەستە و تیکنۆلۆژیی بەڕۆژ بۆ دەرهێنانی گاز و نەوت لە ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئورووپاوە، سەرەکیترین هۆکاری قەیرانی نەبوونی وزە بەتایبەتی نەبوونی گاز لە ئێرانە.

بەشێوەیەک کە بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی، کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا ٢١ میلیارد میتری سێجێ گازی بەهۆی "فلێرینگەوە"، واتا مەشخەڵ سووزییەوە، بەفیڕۆ داوە.

 

ئێران کەرەستەی پێویست و پێشکەوتووی بۆ دەرهێنانی هاوکاتی گاز و نەوت نییە و ناچارە کە بۆ دەرهێنانی نەوت بەشێکی زۆر لە گازی کێڵگە نەوتییەکان بسووتێنێت.

ئەم ڕێژەیە بەرانبەرە لەگەڵ ٤٠٪ گازی بەکارهاتوو لە ساڵی ڕابردووی وڵاتی تورکیە.

جیا لە سووتاندنی ئەم ڕێژە زۆرە لە گازی ئێران لە کاتی دەرهێنانی نەوتدا، ٨.٥ میلیارد میتری سێجێ گازی دیکە، لە کاتی گواستنەوەی گازدا بەهۆی کۆنبوونی تۆڕی گواستنەوە و دابەشکردنی گاز لە ئێران، بەفیڕۆ دەڕوات.

بەم پێیە و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵانە نزیک بە ٣٠ میلیارد میتری سێجێ گاز لە ئێران بەفیڕۆ دەدرێت کە ڕێژیەکی زیاترە لە بەکارهێنانی گاز لەلایەن خەڵکەوە لە ماوەی یەک ساڵدا.