
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣، ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە سەرەتا و لە بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا، پاش بەخێرهاتنی میوانەکان لەلایەن بەڕێز دیاکۆ مەسعوودی، بەرپرسی بەشی ئامووزشیی هێزی پێشمەرگە، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی کرایەوە.
ئەم پێشانگایە بە سەرپەرستیی بەڕێز کەیوانی فاتحی و کچە پێشمەرگەکان ئامادە کرابوو کە وێنایەک بوو لە چرکە ساتەکانی ژیانی پێشمەرگانەی بەشێک لە پێشمەرگەکانی کوردستان.
دواتر پەردە لەسەر نمایشکردنی ڤیدیۆ کلیپێک لادرا کە تایبەت بوو بە گۆشەیەک لە ژیان و چالاکیی ڕۆژانەی پێشمەرگەکان.
بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و ڕێژەی پێشمەرگانەی هێزەکانی پێشمەرگە دەستی پێ کرد.
لە سەرەتای ئەم بەشە لە ڕێوڕەسمەکەدا کاک کاوە بەهرامی، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات و بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگە، پەیامی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
لە بڕگەی دواتردا و وەک نەریتی هەمیشەیی حیزبی دێموکرات، لەوحی ڕێزلێنان بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی بەشێک لەو هاوڕێیانەی کە ٢٠ ساڵە لە ڕیزەکانی حیزبدا خزمەت بە گەلەکەیان دەکەن، لەلایەن کاک کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە پێشکەش کرا.
ئەو هاوڕێیانەی خەڵاتی ٢٠ ساڵەی تێکۆشانی پێشمەرگانەیان پێشکەش کرا بریتی بوون لە: ڕەحمان سەلیمی، ناسر ساڵحی ئەسڵ، عەبدوڵڵا عەزیززادە، محەممەد مەکاری، محەممەد باڵدار، ساڵح خەلیل بەگی، شەماڵ تەرغیبی، محەممەد کۆڵ (حەمەکۆڵ)، ئیبراهیم بێهرووزی و شۆڕش ئەحمەدی.
هەر لە درێژەی بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکەدا ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێزی لە کۆمەڵێک لە بەرپرسان و کادر و فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە گرت کە لەلایەن بەڕێزان ئەندامانی ڕێبەریی بەشدار لە ڕێوڕەسمەکە خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم رێوڕەسمەدا، پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران، لەلایەن جەماڵ فەتحی، سکرتێری یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانەوە پێشکەش کرا.
دوایین بڕگەی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان کۆمەڵێک تابلۆی جوانی هونەریی، سروود و گۆرانیی و هەڵپەڕکێی پێشمەرگانە بوو.