
وەزارەتی دادی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دادگای فێدراڵی لە بۆستۆن، لە پێوەندی لەگەڵ هێرشێکی دڕۆنی کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکایی و برینداربوونی ٤٠ کەسی دیکە، هاووڵاتییەکی ئێرانی و کەسێکی خاوەن دوو ڕەگەزنامەی ئێرانی-ئەمریکایی تۆمەتبار کرد.
بەپێی ئەو تۆمەتە کە لەلایەن دادگای گشتیی فێدراڵی بۆستۆنەوە بڵاو کراوەتەوە، ئەم دوو کەسە بەوە تۆمەتبار کراون کە بە شێوەیەکی نایاسایی بەشە سەرەکییەکانی دڕۆنیان بۆ ئێران دابین کردووە کە لە کاتی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردۆن بووە هۆی کوژرانی سێ ئەندامی خزمەتگوزاریی ئەرتەشی ئەمریکا و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە.
ئەم هێرشە دڕۆنییە لەلایەن گرووپی مقاومەتی ئیسلامی لە عێراق کە یەکێک لە گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە لە ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا بەناوی تاوەر ٢٢ لە ناوچەیەکی دوورەدەست لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوردن ئەنجام درا.
مێهدی محەممەدسادقی تەمەن ٤٢ ساڵ، خاوەن دوو ڕەزگەزنامەی ئەمریکایی-ئێرانی دانیشتووی شاری نەتیک لە ویلایەتی ماساچۆسێت و محەممەد عابدینی نەجەفئابادی تەمەن ٣٨ساڵ، خەڵکی تاران، بە پیلانگێڕی بۆ هەناردەکردنی ئامێری ئێلیکترۆنیکی پێشکەوتوو بۆ ئێران و پێشێلکردنی یاسای کۆنترۆڵی هەناردەکردن و گەمارۆکانی ئەمریکا، تۆمەتبار کراون .
هەروەها عابدینی بە پاڵپشتی دارایی بۆ سپای پاسداران تۆمەتبار کراوە کە بووەتە هۆی کوژرانی سەربازانی ئەمریکایی.