کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشار ئەسەد: بە فەرمانی مۆسکۆ سووریەم بەجێ هێشت

11:15 - 27 سەرماوەز 2724

بەشار ئەسەد دیکتاتۆری سووریە بۆ یەکەمجار پاش لە هەڵاتنی، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەز لە بەیاننامەیەکدا باسی لە چۆنیەتیی بەجێهێشتن و چوونەدەرەوە لە سووریە کردووە.

ئەسەد لە بەیاننامەکەیدا باسی لەوە کردووە کە تا کۆتا ساتەکانی ڕووخانی ڕێژیمەکەی لە سووریە ماوەتەوە بەڵام بەهۆی فەرمانی مۆسکۆوە لە سووریە براوەتە دەرەوە.

ناوبراو لە بەیاننامەکەیدا گرووپە دژبەرەکانی خۆی بە تێرۆریست لە قەڵەم داوە و ڕایگەیاندووە کە تاکە ڕێگە شەڕکردن لەگەڵ ئەم گرووپانەدا بووە.

دیکتاتۆری سووریە لە درێژەدا زیادی کردووە کە هەوڵی داوە فریای خەڵکی سووریە بکەوێت و بە ڕووخانی ڕێژیمەکەی چیدیکە سەرۆککۆماریی لە سووریە هیچ مانایەکی نابێت.

ئەم قسانەی بەشار ئەسەد لەکاتێکدایە کە پاش ڕووخانی ڕێژیمەکەی و هەڵاتنی لە سووریە، خەڵکی ئەو وڵاتە بە هاتنە سەر شەقامەکان چەند ڕۆژ ڕێوڕەسمی جێژن و خۆشییان بەڕێوە برد.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە پێوەندیی لەگەڵ چۆنیەتیی هەڵاتنی ئەسەد لە سووریە ڕایگەیاندبوو کە ناوبراو بەبێ ئاگادارکردنەوەی فەرماندەکانی ئەرتەشەکەی و تەنانەت براکەی خۆیشی، لە پاش کۆبوونەوەیەکی ئەمنییەتی لە بینای وەزارەتی بەرگری، دەمێشقی بەرەو لازقییە و پاشان بەرەو مۆسکۆ جێ هێشتووە.

بەشار ئەسەد لە پاش ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١١ی زایینی ناسراو بە "بەهاری عەرەبی"، بەهۆی پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕووسیەوە توانی خەڵکی ناڕازیی خۆی سەرکوت بکات و بە کوشتن و لەسێدارەدانی سەدان هەزار کەس، تاکوو کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی وڵاتی سووریەی لە ژێر دەستدا بوو.

ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد خەسارێکی بەرچاوی بە بەرەی ناسراو بە "مقاومەت" و تێچووەکانی زیاتر لە یەک دەیەی کۆماری ئیسلامی لە سووریە گەیاند.