کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە شوێنی خۆیانن

11:48 - 27 سەرماوەز 2724

جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بە ئاماژەدان بەو ڕاپۆرتانەی کە ئیدعای گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی ئێرانیان بۆ چین کردووە، جەختی لەوە کردەوە کە گەمارۆکانی ئەمریکا لە شوێنی خۆیانن و جێبەجێ دەکرێن.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەز، ئابرام پیلی ئەو ڕاپۆرتانەی لەو بارەیەوە بڵاو دەکرێنەوە بە "پشتڕاست نەکراو" ناو برد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس نووسیبووی: ''گەمارۆکانمان لەسەر نەوتی ئێران لە شوێنی خۆیانن و جێبەجێ دەکرێن.''

ناوبراو باسی لە دوایین گەمارۆکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا کرد کە بەهۆی بەشداریکردن لە ناوگانی ئەرواح بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێران خستوویەتیە سەر ٣٥ دامەزراوە و کەشتی .

سەرەڕای ڕاپۆرتە پشتڕاست نەکراوەکان کە ئێران لە هەوڵدایە لە پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترامپ فرۆشتنی نەوتی کۆکراوەی خۆی بە چین بە زۆرترین ئاست بگەیەنێت، بەڵام داتاکانی گومرگی چین دەریانخستووە کە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئەو وڵاتە لە مانگی نۆڤامبردا بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوو دابەزیوە.

لەو پێوەندییەدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵدەریی بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە وڵاتی چین سەرەڕای ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینییەوە یەک بەرمیل نەوتی بەشێوەی فەرمی لە ئێرانەوە هاوردە نەکردووە، بەڵام ١٣ لەسەدی نەوتی پێویستی خۆی لە ڕێگەی نەوتی قاچاخی ئێرانەوە دابین کردووە.

هەروەها مایک واڵز، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا لەم پێوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە دەیهەوێت داهاتە نەوتییەکانی ئێران ببڕێت یان تا ڕادەیەکی بەرچاو کەمی بکاتەوە.