
بەپێی ڕاپۆرتی دادبان، سامان محەممەدی خیارە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سنە کە پێشتر بە تۆمەتی موحاربە بە لەسێدارەدران سزا درابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج کراوە و ئەمە نیگەرانیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی زۆرتر کردووەتەوە.
خوشکی سامان بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی دەنگی، ڕایگەیاندووە: براکەی ماوەی ١٥ ساڵە لە بەندیخانەیە و خۆی و سێ خوشکەکەی و دایک و باوکی بێپەنا ماونەتەوە.
ناوبراو لەم پەیامەدا دەڵێ: داوا لە دەسەڵات و لەو کەسانە دەکەم کە دەسەڵاتیان هەیە کارێک بکەن کە براکەمان بگەڕێتەوە و ببێتە پەنا بۆ ئەم خوشکانە و تکا دەکەین ئەوانەی کە ئەتوانن لەگەڵمان بن."
سۆران مەنسووری لە بنەماڵە مافخوازەکانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ و چالاکی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ئاخرین دۆخی سامان محەممەدی خیارە دەڵێت: لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لە بەندیخانەی قزڵحەسارەوە، سامان محەممەدی بە کەسە نزیکەکانی ڕاگەیاندووە کە لێپرسەکانی دۆسییەکەی پێیان وتووە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی سەرماوەز لە سێدارە بدرێت."
سامان محەممەدی ١٥ ساڵ پیش ئێستا لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا دەسبەسەر کراوە و بە لەسیدارەدران سزا دراوە. لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی بەناو دادوەر سەڵواتی ناوبراوی بە موحاربە و ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی ڕێژیم تۆمەتبار کردووە.