
ژمارەیەک لە کۆمەڵناسانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە یاسای ناسراو بە "عیفاف و حیجاب" دەرکردووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەمە لە دژایەتی لەگەڵ مافی هاووڵاتییبوون و کۆمەڵایەتیی خەڵک بەتایبەتی ژنانی کۆمەڵگەیە و خوازیاری پووچەڵکردنەوەی ئەم یاسا بوون.
واژۆکەرانی ئەم بەیاننامە وێڕای مەحکوومکردن، یاساکەیان بە "شێوە یاسا" زانیوە و جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە یاسا دەبێت پشتیوانی لە شتە شیاوەکانی کۆمەڵگە بکات نەک پەرە بە نەشیاوییەکان بدات و هەر یاسایەکیان کە لە دژایەتی لەگەڵ ئەم بنەمایە بێت بە بابەتێکی ناڕەوا هێناوەتە ئەژمار.
بەیاننامەکە زیادی کردووە کە ئەم پەسەندکراوە بە دەستێوەردانی ئاشکرا لە ژیانی تاکەکەسیی خەڵک و سنووردارکردنی مافی هاووڵاتییبوون، بەتایبەتی مافی ژنانی کۆمەڵگە، دەبێتە هۆی هەڵاواردن و دروستبوونی نائەمنی لە کۆمەڵگەدا.
ئەم ژمارە لە کۆمەڵناسانی ئێران لە سەر ئەو بڕوایەن کە کۆماری ئیسلامی لە ئایین وەک ئامرازێک کەڵک وەردەگرێت و هۆشدارییان داوە کە وەها یاسایەک دەبێتە ئازاری دەروونیی ئیمانداران و توورەیی ئەوانی لێ دەکەوێتەوە.
بەیاننامەکە لە بەشێکی دیکەدا سەبارەت بە جەمسەریکردنی کۆمەڵگە و پەرەدان بە ڕق و کین هۆشداریی داوە و پشتڕاستی کردووەتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم چەشنە یاسایانە دەتوانێت قەیرانگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی بخولقێنێت.
ئەم بەیاننامەیە کە لەلایەن ٩٩ کۆمەڵناسەوە واژۆ کراوە، ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز لە کاناڵی تێلێگرامی ئەحمەد بوخارایی، کۆمەڵناس و یەکێک لە واژۆکەرانی بەیاننامەکە بڵاو کراوەتەوە.
گەڵاڵە یاسای حیجابی زۆرەملێ لە ژێر ناوی یاسای "پشتیوانی لە بنەماڵە بە برەودان بە عیفاف و حیجاب" خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن مەجلیسی ڕێژیمەوە ئامادە کرا کە پاش بێنەوبەرەیەکی زۆر لە نێوان مەجلیس و شۆرای نیگەهباندا ڕێکەوتی ٧ی سەرماوزی ١٤٠٣ لەلایەن سەرۆکی مەجلیسەوە ڕاگەیەندرا و بڕیار بوو کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەز لەلایەن دەوڵەتەوە بەفەرمی و بۆ جێبەجێکردن، ڕابگەیەندرێت.
ڕیکەوتی ٢٤ی سەرماوەز دوو نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم ڕایانگەیاند کە یاساکە بەهۆی بڕیاری شۆرای باڵای ئەمنییەتەوە دوا خراوە.