
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، قەیرانی گاز و کارەبا ئێرانی تووشی گرفتی جیددی کردووەتەوە. بەرپرسانی ڕێژیم تیشکیان خستووتە سەر بەکارهێنانی ئەو وزەیە کە لە ماڵان بەکار دێت و داوا دەکەن کە خەڵک لە بەکارهێنانی گاز و کارەبای زۆر خۆیان بپارێزن و لە لایەکی دیکەوە قوتابخانە و ئیدارەکانی زۆربەی پارێزگان لە بەر ئەو قەیرانە داخراون.
سەرما و کەمیی گاز و پچڕانی کارەبا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەتایبەتی لە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەز بووە هۆی ئەوەی کە لە ٢٣ پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوتابخانە و زانکۆکان و زۆربەی ئیدارەکان دابخرێن.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، ئەم دۆخە لە ڕۆژی سیشەممە ٢٧ی سەرماوەز لانیکەم لە پارێزگاکانی تاران، هەمەدان، ئەلبۆرز، گیلان، مازەندەران، قەزوین، سێمنان، ئەردەبێڵ، سنە، کرماشان، ورمێ و گوڵستان و ئێسفەهان، قوم، زەنجان و چەندین پارێزگای دیکە بەردەوام بووە و بەو شێوەیە تا ئێستا زیاتر لە دوو لەسەر سێی پارێزگاکانی ئێران و کوردستان داخراون.
لە دۆخێکی ئاوادا مەسعوود پزشکییان، سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بنکەی زانیاریی ڕێژیم، بە بێ شەرمانە داوای لە خەڵک کرد کە لە بەکارهێنانی گاز و کاەبای زیادە خۆیان بپارێزن و دەستی پێوە بگرن.
ناوبراو بەبێ ئەوەی باسێک سەبارەت بە بڕی وزەی بەکارهێنراو لە پیشەسازییەکان یان بڕی وزەی هەناردەکراو بۆ وڵاتانی دیکە بکات، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خەڵکی بە بەکارهێنانی زێدەڕەویانە تاوانبار کردووە.
لە لایەکی دیکەوە سەعید تەوەکولی بریکاری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیرکەتی نیشتمانیی گازی ئێران لە دەیەمین کۆبوونەوەی نیشتمانیی هاواهەنگیی سووتەمەنی زستانە لە ١١ی سەرماوەزدا وتی هاوکاریی خەڵک لە بەڕێوەبردنی بەکارهێنانی گاز تاکە ڕێگایە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی وزە و پێویستە خەڵک ڕابهێنن بە ژیان لە پلەی گەرمی نزمتردا.
لەگەڵ داخستنی قوتابخانەکان بەهۆی سەرما و سنووردارکردنی بەکارهێنانی گاز، خوێندن بە شێوەی ئانلاین لە ڕێگەی تۆڕی شادەوە بەردەوامە، تۆڕی شاد پلاتفۆرمێکی ناوخۆیی ئێرانە و زۆر خاوە و هەروەها پچڕانی کارەباش وای کردووە کە ئینتەرنێت بە شێوەیەکی گشتی تووشی کێشە بێت و لە ئێستادا ئەوەش بووەتە کێشەیەکی دیکە بۆ هاووڵاتییان.
نەبوونی گاز و سووتەمەنی لە ئێراندا لەحاڵێکدایە کە ئێران خۆی خاوەنی سەرچاوەگەلی سرووشتی و گەورەی گاز و نەوت و سووتەمەنییە، بەڵام ئەو سەرچاوانە هەمووی بۆ بەرژەوەندیی ڕێژیم بە وڵاتانی وەکوو چین و ڕووسیە فرۆشراون و ئەوەش وای کردووە کە ئێستا ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو قەیرانە دەیهەوێ بە داخستنی ماوە بە ماوەی قوتابخانەکان و کاروباری گشتی خەڵک لە کۆمەڵگادا کەمیی گاز و وزە قەرەبوو بکاتەوە.