کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، لانیکەم ٩ کەس لە لوبنان کوژران

10:27 - 13 سەرماوەز 2724

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە بەرامبەر هێرشی خۆمپارەیی حیزبوڵڵای لوبنان، دەیان پێگەی پەیوەندیدار بەم گرووپەی لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان کردووەتە ئامانج؛ هاوکات وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ژمارەی قوربانییانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی لە باشووری ئەم وڵاتە لانیکەم ٩ کەس ڕاگەیاند.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەز ڕایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای نەبەتیە لە باشووری ئەو وڵاتە پێنج کەس لە شارەکی حاریس کوژراون و چوار کەسیش لە شارەکی تەلوسە کوژراون.

ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم هێرشانەیان لە کاردانەوە بە هێرشی خۆپمارەیی حیزبوڵڵا ئەنجام داوە، کە دەیان دامەزراوەی تێرۆریستی لە سەرتاسەری لوبنان کراونەتە ئامانج.

دوابەدوای ئەم هێرشە، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حیزبوڵڵای بە پێشێلکاریی جیددیی ئاگربەست تۆمەتبار کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە بە ئیرادەوە وڵام دەدرێتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێداگرە کە ئاگربەستەکە بپارێزێت، بەڵام وڵامی هەر پێشێلکارییەکی بچووک یان جیددی لەلایەن حیزبوڵڵا دەداتەوە.

هێرشی دوو لایەنەی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە هەر دوو لا دوای چەند حەفتەیەک شەڕ، لەم دواییانەدا لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن و ئەم ئاگربەستەش ڕۆژی چوارشەممە ٧ی سەرماوەز جێبەجێ کرا.