کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە ڕووخانی ئەسەد و حیزبوڵڵا ترسی لێ نیشتووە

15:28 - 28 سەرماوەز 2724

ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆستی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و داڕمانی گرینگترین گرووپی نیابەتیی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نیگەرانییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە لاوازی و شکستی گەورەتر، زیاتر کردووەتەوە.

ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری چالاکانی سیاسییەوە نووسیویەتی، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پەنجەکانی کۆماری ئیسلامی بڕاوەتەوە و ئەمەش هەستی نیگەرانیی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیی زیاتر کردووە.

ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆست بە ئاماژەدان بە هێرشە قورسەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێکهاتە و کەرەستە سەربازییەکان لە سووریە لە دوای ڕووخانی ئەسەد، نووسیویەتی یەکێک لە ئامانجە گرینگەکانی ئەم هێرشانە لاوازکردنی زیاتری ڕێژیمی تاران و خۆشکردنی ڕێگا بۆ ئێرانە.

هەروەها ڕۆژنامەی "لاکروا"ی فەرانسە باسی لە لاوازی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە و وتوویەتی هەڵپەساردنی یاسای "عیفاف و حیجاب" ترس و نیگەرانیی ئەو ڕێژیمە دەر دەخات.

بە وتەی ئەو ڕۆژنامەیە لەو نێوانەدا هەڵوێستی شواری باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێران گرینگتر دێتە بەرچاو، چونکە بە وتەی ئەو شۆرایە جێبەجێکردنی پەسەندکراوی مەجلیس دەبێتە هەڕشەیەک بۆ سەر ئەمنییەتی میللی و هەر بۆیە ئەو شۆرایە لە نامەیەکدا، داوای هەڵپەساردنی یاسای عیفاف و حیجابی کردووە.

بێرنارد هورکێد، کارناسی فەرانسەیی دۆخی ئێران، بە ڕۆژنامەی ''لاکروا''ی وتووە کە خودی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەزانێت کە لە ئێستادا جێبەجێکردنی وەها یاسایەکی توند دژ بە ژنان، کۆماری ئیسلامیی لاواز، زیاتر لاواز دەکات.

بە وتەی ناوبراو دۆخی ئابووریی ئێران کارەساتبارە، لە کاتی ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەدەوە بەهای ڕیال هەروا دادەبەزێت و ئەمەش ترسی و نیگەرانیی کۆماری ئیسلامی زیاتر کردووە.