ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٧ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠٣، کاک خالید عه‌زیزی، وته‌بێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بانگهێشتی فەرمی لەگەڵ چه‌ند ئه‌ندام پارلەمانتارێک له پارلەمانی سوئیس له شاری بێڕن کۆ بووەوە.
کاک خالید عه‌زیزی له دووتوێی لێدوانێکدا بۆ په‌یامنێری کوردکاناڵی ڕایگه‌یاند: " وه‌کوو نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات هه‌وڵم دا تیشک بخه‌مه سه‌ر دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، ئێران و پرسی کورد و داهاتووی کورد له کوردستانی ئێران‌دا و ده‌رفه‌تێکی باش بوو که سیاسه‌تی خۆمان له‌و کۆبوونه‌وه‌دا بخەینە به‌ر باس".
به‌ڕێز عه‌زیزی به‌نیسبه‌ت پرسیاری په‌یامنێری کوردکاناڵ له‌مه‌ڕ جیاوازیی کۆبوونه‌وه‌ی پارلەمانی ئوستۆرالیا و پارلەمانی سویس وتی: "له کۆبوونه‌وه‌ی پارلەمانی سویسدا جیاوازییه‌که ئه‌وه‌یه کە ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د ڕووخاوه و ئێران تووشی شکستێکی گه‌وره بووه، چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆر له کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵکی ئێران‌دا هه‌یه که به‌رده‌وامیی ئه‌و ڕووداوانه کە ڕێژیمی ئێران سه‌رچاوه‌ی ئه‌و کێشانه‌یه، له داهاتوودا چی به‌سه‌ر دێت".
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ناوبراو له باره‌ی نێوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌که‌ی له پارلەمانی سویسدا وتی: "ده‌سپێکی قسه‌کانم به‌وه ده‌ست پێ‌کرد که سویس وڵاتێکی فره نه‌ته‌وه‌یه و له وڵاته‌که‌ی ئێوه‌دا چوار زمان به فه‌رمی ناسراوه و وڵاتێکی دێموکراتیکه، هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وه و زمانانه به ئارامی پێکه‌وه ده‌ژین و ئه‌زموونێکی سه‌رکوتووه، به‌ڵام له وڵاتی ئێران که زۆر لێره به‌رینتر، گه‌وره‌تر و فره‌چه‌شنتره نه ته‌نیا مافی نه‌ته‌وه‌کان ڕه‌چاو ناکرێت به‌ڵکوو منداڵی کورد ده‌بێت به زمانێک قسه بکات و بخوێنێت که لێی تێ ناگات بۆیه له مافه‌کانیان بێبه‌شن".
به‌ڕێز عه‌زیزی له درێژه‌ی قسه‌کانیدا ڕوو له پارلمانتاران ئاماژه‌ی به‌وه کرد: "هیوادارم که ئێوه که وڵاته‌کان کە فێدراتیڤه و چه‌ند نه‌ته‌وه پێکه‌وه ئیداره‌ی ده‌که‌ن یارمه‌تیتان بدات به‌رچا وڕوونی زیاتر بده‌ن به یه‌کیه‌تیی ئورووپا و ڕێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی که ئێرانیش ده‌توانێت به به‌شداریی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان به‌ڕێوه بچێت و مافی هه‌موو لایه‌ک پارێزراو بێت".
هه‌روه‌ها وته‌بێژی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە توانایی ئەو پارلەمانتارانەی سویس کە لەگەڵیان کۆبووەتەوە لەسەر دۆزی کورد وتی: "پێیانم ڕاگه‌یاندووه که ئێوه له پێوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیدا ڕه‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێران و ئه‌مریکا ده‌که‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه له‌و نێوانه‌دا ونه، ئێوه ده‌توانن له‌و نێوانه‌دا نوێنه‌رایه‌تیی به‌رژه‌وه‌ندی ئیمه‌ش بکه‌ن".
کاک خالید سەبارەت بە تێڕوانی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د، وتی: "ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست ناوچه‌یه‌کی پڕ کێشه و گرفته و له دوای ڕووخانی به‌شار ئه‌سه‌د ئێران تووشی شکستێکی گه‌وره بوو و هه‌رچه‌ند ڕێژیم هه‌وڵ ده‌دات که ده‌سبه‌ردار نه‌بێت و به خه‌ڵکی ئێران وا تێبگه‌یه‌نێت که له ئه‌گه‌ری هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کدا ئێرانیش وه‌کوو سووریه‌ی لێ دێت و نائارام ده‌بێت به‌ڵام ئێمه ده‌بێت کار له‌سه‌ر نێوخۆی ئێران بکه‌ین و له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێکخراو و لایه‌ن و نه‌ته‌وانه‌ی دژی ڕێژیمی ئێرانن هه‌وڵ بده‌ین ئاڵتێرناتیڤێک ببینینه‌وه.
ڕێژیمی ئه‌سه‌د که ڕووخا ته‌نیا به ناڕه‌زایه‌تی نه‌بوو به‌ڵکوو ١٢ ساڵ پێش ئێستا له ئێدلیب ئه‌و دژبه‌رانه‌ی که ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی سووریه‌یان به‌ده‌سته‌وه گرتووه دانیشتن و ئاڵتیرناتیڤیان دروست کرد و خه‌ڵکی سووریه به هیوای ئه‌و ئاڵتێرناتیڤه‌وه ڕێژیمی سوورییه‌یان ڕووخاند، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌تا ئێستا له ئێران‌دا خه‌ڵکه‌که‌ی ئه‌و هیوایه‌یان بۆ به‌دیکردنی ئاڵتێرناتیڤ نییه، بۆیه ئێمه نابێ چاوه‌ڕه‌وانی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچه و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مریکا بین به‌ڵکوو ده‌بێت هه‌موو لایەک ئاڵتێرناتیڤێک دروست بکه‌ین، ئیمه وه‌کوو حیزبی دێموکرات هه‌موو هه‌وڵێکی خۆمان له‌و بواره‌وه ده‌خه‌ینه گه‌ڕ".
دواتر وته‌بێژی حیزبی دێموکرات له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تێکی مافی مرۆڤیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سویس کۆ بووه‌وه و له‌و بواره‌وه ڕایگه‌یاند: "له‌و کۆبوونه‌وه‌شدا تیشکمان خسته سه‌ر رووداوه‌کانی ئێران و هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه له داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا له هه‌ر حاڵ‌دا کورد به گشتی و له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی فاکتۆرێکه ئینکار ناکرێت و ئه‌رکی ئێمه له وه‌ها کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا ئەوەیە به‌رچاو ڕوونیی خۆمان له‌و باره‌وه بده‌ین".