
پارلەمانی ئورووپا ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەز، لە بڕیارنامەیەکی بەپەلەدا کە بە دەنگی زۆرینەی ڕەها پەسەند کرا، ئازار و سەرکوتی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە توندی مەحکووم کرد.
لەم بڕیارنامەیەدا بەڵگەنامەیەکی ساڵی ١٣٦٩ هاتووە کە واژۆی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی لەسەرە و ئاماژە بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازار و سەرکوتی بەهاییەکان دەکات و داوای ڕێگریکردن لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگەی بەهاییەکان دەکات.
هەروەها لە بڕیارنامەکەدا جەخت لەسەر ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم قوربانییانی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لەوانە چالاکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافی ژنان کراوەتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی ئەوەیکە لە چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٧٢ ژنی بەهاییان بانگ یان زیندانی کردووە، مەحکووم کردووە.
"ڕاشێل بەیانی"، نوێنەری کۆمەڵگەی جیهانیی بەهایی لە ناوەندەکانی ئورووپا لە برووکسێل، وتی: ''ئەمڕۆ ئەندامانی پارلەمانی ئورووپا هەڵوێستێکی بەهێزیان لە پشتیوانیکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و بەهاییەکانی ئەم وڵاتە گرتەبەر. ئەم بڕیارنامەیە کە تیشک دەخاتە سەر ئازاری ژنان هاوکات لەگەڵ سەرکوتی کەمایەتییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، نیشانەی دانپێدانان و پشتیوانی لەهەموو هاووڵاتییانی ئێرانە.
بڕیارنامەکەی پارلەمانی ئورووپا نوێترین بەیاننامە سەبارەت بە سەرکوتکردنی بەهاییەکان لە ئێرانە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن ڕاپۆرتنێران و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاو کراوەتەوە.