
بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کە مانگی ڕابردوو لەلایەن کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاست کرابووەوە، لەلایەن کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا.
ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەز، کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ٨٠ دەنگی ئەرێنی، ٢٧ دەنگی نەرێنی و ٦٨ دەنگی بێلایەن، بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێرانی پەسەند کرد.
ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن کانادا و بە پشتیوانیی ئەمریکا، بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە ئامادە کراوە و لە ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەردا لە کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا.
ئەم بڕیارنامەیە وێرای دەربڕینی نیگەرانی لە زۆربوونەوەی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان بەتایبەت بۆ بەندکراوانی سیاسی، لەسێدارەدانی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و ژنانی بە توندی مەحکووم کردووە.
وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بڕیارنامەیە داوایان لە ڕێژیمی ئیسلامی کرد تاکوو کۆتایی بە ئازاردان و هەڵاواردنی دژبەران و کەمینەکان، دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان و ئاکاری نامرۆڤانە و بێڕێزی بە بەندکراوان بێنێت.
لەم بڕیارنامەیەدا هەروەها داوا لە ڕێژیمی تاران کراوە تاکوو هەموو کەسانێک کە دەسبەسەرکرانیان بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان سەرەڕۆیانە بووە، ئازاد بکات.
پێشتریش ئانتۆنیۆ گۆترێش، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕەزبەری ئەمساڵدا لە ڕاپۆرتێکدا پێشێلکردنی بەردەوام و توندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانی بە جێگای نیگەرانی ناو برد و خوازیاری وەستانی لەسێدارەدانەکان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بوو.
هەروەها ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەردا و لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە ١٠ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، لانیکەم ٦٥١ کەس لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون.