کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلینکێن: ڕێژیمی ئێران لە جیاتی ململانێ ناوچەییەکان پێویستە سەرنجی لەسەر گەشەپێدانی نێوخۆیی بێت

10:40 - 29 سەرماوەز 2724

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ کۆماری ئیسلامی ساڵێکی سەخت بووە، داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد کە لە جیاتی ململانێ ناوچەییەکان، سەرنجی خۆی بگوازێتەوە بۆ گەشەپێدانی نێوخۆی ئەو وڵاتە.

ئانتۆنی بلینکێن، کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەز، لە شۆرای پەیوەندییەکانی دەرەوە لە نیویۆرک قسەی دەکرد، وتی: ''ڕێژیمی ئێران دەبێ لە تێوەگلان لە ڕووداوە ناخۆشەکان لە سەرتاسەری ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە دەست ڕابگرێت.''

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیلی بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەربازییە گرینگەکان لە غەززە، لەوانە لەناوبردنی هێزی نیزامیی حەماس و نەهێشتنی سەرکردە سەرەکییەکانی بەرپرسیار لە هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر ستایس کرد.

بلینکێن سەبارەت بە لوبنان، ئاماژەی بە پێشکەوتنەکان لەهەمبەر پاشکەشەی حیزبوڵڵا کرد و ئەم دەستکەوتەی بە ''دەرفەتێکی گەورە" وەسف کرد و وتی پێشکەوتنەکە ڕێگەی بە ئیسرائیلییەکانی ئاوارە لە باکووری وڵاتەکەیان و هەروەها ئاوارە لوبنانییەکانی باشووری لوبنان داوە کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بلینکێن هەروەها ئاماژەی بە بەهێزبوونی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە یەمەن کرد و وتی کە توانای نیزامییان گەیشتووەتە ئاستێک کە بە ئاشکرا بەکاری دەهێنن.

ناوبراو نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئەم گرووپە کە ئیدعای ئەوە دەکات کە مووشەکەکانیان بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان ئەنجام دەدرێن، تەنانەت دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی غەززەش، درێژە بە کردەوە شەڕەنگێزییەکانی خۆی دەدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە سووریە، جەختی لە گرینگیی ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش کرد و هەوڵەکانی ڕابردووی بۆ لەناوبردنی ئەو گرووپە بەرز نرخاند.