کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران ٥٠ لەسەدی نەوتی ئێران بۆ خۆی دەفرۆشێت

11:04 - 29 سەرماوەز 2724

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە سپای پاسداران پەنجا لەسەدی داهاتە نەوتییەکانی ئێرانی لە کۆنتڕۆڵدایە و نیوەی نەوتی ئەم وڵاتە بۆ خۆی دەبات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە تواناکانی سپای پاسداران بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمارۆ نەوتییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی و فرۆشتنی نەوت لە ڕێگەی قاچاخەوە وای کردووە کە ئەم ڕێکخراوە دەست بە سەر گرینگترین سەرچاوەی داهاتی ئێراندا بگرێت.

ئەم هەواڵدەرییە زیادی کردووە کە دەسەڵاتی سپای پاسداران بەتایبەتی لە بەشە ئابوورییەکانی ئێراندا بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی بە سەر نەوتدا، زیاتر پەرەی سەندووە.

وڵاتی چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە شێوەی قاچاخ بۆ کۆمپانییە ساختەییەکانی سەر بە پێکەن هەناردە دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتێرز لە سەرچاوە نهێنییەکانییەوە، سپای پاسداران بۆ فرۆشی ئاسانی نەوتی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، لە هەر بەرمیلێکدا تا هەشت دۆلار داشکاندن دەکات.

ئەم سەرچاوە دەریخستووە کە قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسداران، پێش کوژرانی لەلایەن ئەمریکاوە، ستادێکی گشتیی بۆ قاچاخی نەوتی ئێران دامەزراندووە و بەڕێوەبەرییەکەی خستووەتە ئەستۆی ڕۆستەم قاسمی کە پێشتر وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی بوو.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سپای پاسداران لە ڕێگەی داهاتە نەوتییەکانییەوە پشتیوانیی ماڵیی لە میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا دەکات.

ڕۆیتێرز بوودجەی ساڵانەی حیزبوڵڵای لوبنانی بە یەک میلیارد دۆلار خەمڵاندووە کە سپای پاسداران لە ڕێگەی قاچاخی نەوتی خەڵکی ئێرانەوە دابینی دەکات.