
لە ڕۆژانی ڕابردوو، بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان، هەوڵێکی نەزۆکی ڕێژیمی ئێرانیان لەقاو دا و بۆ جارێکی دیکە سەلماندیان کە خوێنی بەناحەقڕژاوی شەهیدانی کوردستان بە فیڕۆ ناچێت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان چوونەتە بەر ماڵی ئەو بنەماڵانەی کە بنەماڵە شەهیدی کوردستانن؛ زۆربەی بنەماڵەکان دەرگایان بەڕوودا نەکردوونەتەوە و بوێرانە داوکارییەکانین ڕيت کردوونەتەوە.
ئەم کەسانە بە بردنی هەندێ کەلوپەل بۆ ئەم بنەماڵانە ویستوویانە بچنە ژوورەوە و قسە بۆ ئەم بنەماڵانە بکەن کە لەگەڵ هەڵوسەوتی توندی بنەماڵە شەهیدەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە ئیزنی چوونەژوورەوە بەم کەسانە نەدراوە، نووسراوەیەکیان خستووەتە نێو ماڵەکان کە وێنەی خومەینی و خامنەییان لەسەر بووە و چەن قسەیەکی خامنەییان لەسەر نووسراوە.
لەم نووسراوەیەدا هەوڵ دراوە کە شەهیدانی کوردستان وەکوو دژبەر نیشان بدرێن کە فریوی حیزب و لایەنە سیاسییەکانیان خواردووە و هەوڵ دراوە کە کۆماری ئیسلامی وەکوو خەمخۆری بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان بناسرێن.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد، مێژووییەکی دوورودرێژی لە پشتە و تاکی کورد بە وشیارییەوە و بە مەبەستی ڕاماڵینی داگیرکەران و ڕزگاری خاکەکەی دەستی بۆ چەک بردووە و لەم پێناوەدا شەهید بووە.
بنەماڵەی شەهیدان، سەرمایەی مەعنەویی کوردستانن و هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیم لەمبارەوە ناتوانێ تێکۆشان و فیداکاری و لەخۆبوروویی شەهیدان و بنەماڵەکانیان خەوشدار بکات.