شەوی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەز، ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە ناوی تۆفیق جاروڵڵاهی کوڕی ئەحمەد خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەت بە هۆی نەخۆشییەکی کوتوپڕ لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا و لە شاری سلیمانی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک تۆفیق لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و نیشتمانپەروەر پەروەردە ببوو. ناوبراو ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی تێکەڵ بە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی پۆشی و تێکۆشانی پێشمەرگانەی لە هێزی زمزیران و کۆمیتە شارستانی ڕەبەت دەست پێکرد.
کاک تۆفیق پێشمەرگەیەکی گورج وگۆڵ و چالاک بوو و ئەرکی پێشمەرگانەی بە دڵسۆزی و خەمخۆری بەڕێوە دەبرد.
ناوبراو پێشمەرگەیەکی بە نەزم و دیسیپلین بوو کە پاش چەند ساڵ پێشمەرگایەتی بە هۆی گرفتی بنەماڵەی وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوو بەڵام هیچکات لە حیزبەکەی دانەبڕاو چەند ساڵێک بوو وەک ئەندام لە ڕیزی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبەکەمان ئەرکی حیزبی بەڕێوە دەبرد.
کاک تۆفیق لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە تەشکیلاتییەکاندا بەشداریی چالاکانەی دەکرد و کەسێکی دڵسۆز و گوێڕایەڵی بڕیاراتی حیزبەکەی بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.