کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ناوداری کورد لە سنە

12:10 - 29 سەرماوەز 2724

ڕۆژی چوارشەمە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣، مامۆستا محەممەد ئیبراهیمی کەسایەتیی ناوداری کورد، نووسەر و وەرگیڕ، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆکانی شاری سنە و تاران بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

 مامۆستا محەمەد ئیبراهیمی لە ٣ی ڕەزبەری ١٣٢٦ لە شاری مەهاباد لەدایک بووە و بچوکترین کوڕی خوالێخۆشبوو مەلا ئیبراهیمە.

مامۆستا ئەندامی خەزێنەی هونەر(دەستەی نووسەران و وەرگێڕان) و خاوەن بڕوانامەی کارناسیی باڵا لە کارگێڕیی بازرگانی بووە و لە زانکۆکانی تاران و سنە مامۆستا بووە. مامۆستا ئیبراهیمی داڕێژە‌ری فێرکاریی ئەنستیتۆکانی تەکنۆلۆژیا و خزمەتگوزاری بووە.

لەو ناوەندە زانستییەدا نامیلکەگەلی داڕێژەری خەتی بۆ وانەوتنەوە لە قۆناغی سەرتر لە پەیمانگە (ئاستی کارناسی) دەنووسی و نووسینەکەی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ناوەندی باڵای توێژینەوەکانەوە ڕەوایی بە دەست هێنا بۆ وانەوتنەوە لە خوێندنگەی باڵای پیشەیی و پسپۆڕانەدا و ئەم ناوەندە دوو هەزار بەرگی لە ساڵی ٦۳دا چاپ و بڵاوکردەوە و لە نێوان خوێندکارانی ئەم خوێندنگە باڵایانە لە سەرانسەری وڵاتدا دابەش کرا کە وەکوو سەرچاوەی یەکەی وانەی کۆمپیۆتەر لە بەردەستی خوێندکاراندا بێت و کەڵکی لێوەرگرن.

مامۆستا ئیبراهیمی بەگشتی ٢٠ کتێبی چاپکراو و چاپنەکراوەی هەیە و لە چەندین کۆنفرانسی زانستی و مێژوویی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات بەشداریی کردووە، هەروەها بە هەزاران قوتابی و خوێندکاری بە وانەی خوشویستی نیشتمان پێگەیاندووە.

تەرمی مامۆستا محمەممەد لە بەشی هونەرمەندانی گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی شاری سنه بە بەشداریی سەدان کەسایەتی و مامۆستا زانکۆ و خەڵکی شارەکانی سنە و مەهاباد و بۆکان بەڕێوە چوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.