
شرۆڤەکارێکی ڕۆژنامەی فیگارۆی فەرانسە لە بابەتێکی شیکاریدا و لە پێوەندی لەگەڵ هاتنەسەرکاری دۆناڵ ترامپ لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕایگەیاندووە کە تاران لەسەر دووڕێیانی شەڕ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوادا ماوەتەوە.
ڕۆنۆ ژیرار لە بابەتەکەیدا هێناویەتی کە ترامپ ئامادە دەبێت کە لەپێناو چاوپۆشیی تاران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و شەڕی بەرەی مقاومەت لە دژی ئیسرائیل، گەمارۆ جیهانییەکان لە سەر ئێران لا بەرێت.
بە بڕوای ژیرار، جیهان لە کاتوساتێکی چارەنووسسازدایە و بە ئەگەری زۆرەوە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی ترامپدا یان بەرەوڕووبوونەوە یان دانوستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕۆژاوادا دێتە ئاراوە.
ناوبراو زیادی کردووە کە دۆناڵد ترامپ زیاتر لە شەڕی ئوکراین نیگەرانیی لە بابەتی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە و بۆیە هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتەکەی لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا دەبێت.
ئەم شرۆڤەکارەی فیگارۆ لەسەر ئەو بڕوایە کە بابەتی مافی مرۆڤ لە داهاتوودا بەشیک لە نیگەرانییەکانی ترامپ نابێت و ئەم بابەتە ناتوانێت لە دانوستانی دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامییدا ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت.
ژیرار لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا هێناویەتی کە بابەتی گرینگ لەلای ترامپ و نێتانیاهوو تەنیا دەسپێڕانەگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی دەبێت و وێدەچێت کە چیتر دەوڵەتی داهاتووی ئەمریکا بە تێکشکاندنی بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئیسرائیلەوە، ناڕازی نەبێت.
فیگارۆی فەرانسە باسی لەوە کردووە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری داهاتووی ئەمریکا ئەگەرچی دانوستان لە شەر بە باشتر دەزانێت بەڵام ترسیشی لە چوار ڕێژیمی دیکتاتۆری ڕووسیە، چین، ئێران و کۆرەی باکوور نابێت و هیچ پەیامێک لە ڕوانگەی لاوازییەوە نانێرێت.