کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە کوردەکانی ڕۆژاوا لە سێبەری هەڕەشەکانی تورکیە

20:12 - 29 سەرماوەز 2724

بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ڕۆژاوایی جەختیان لەسەر پێویستی پشتیوانی لە کوردەکان لە ڕۆژاوای کوردستان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیە و گروپە ئیسلامییەکان کە ئەم وڵاتە پاڵپشتییان دەکات، کردووەتەوە. هاوکات شەڕ و پێکدادانەکان لەو ناوچەیە بەردەوامە و ئاگربەستی کاتی درێژ نەکراوەتەوە.

لە دوای زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر هەرێمی ڕۆژاوای کوردستان، بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژاوایی جەختیان لە پشتیوانی لە کوردەکان کردووەتەوە.

گیدئۆن ساعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەز، لە دیدارێکدا لەگەڵ ینس پلۆتنەر، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوە و ئەمنییەتیی سەرۆکی باڵای وڵاتی ئاڵمان، جەختی لەسەر ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاڵپشتیکردنی کەمینەکانی سووریە و بەتایبەت کورد کردەوە.

ئیمانوئێل ماکرۆن سەرکۆماری  فەرانسە لە پەیوەندییەکی تەلێفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، داوای بەشداری تەواوی کوردەکانی سووریە لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی ئەم وڵاتەدا کرد.

هەروەها ژان نۆئێل بارو، وەزیری دەرەوەی فەرانسە ڕایگەیاندووە، کار لەسەر ڕێککەوتنێکی نێوان تورکیە و کوردەکانی ڕۆژاوا دەکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.

هەروەها مارتین شیردوان، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا و سەرۆکی هاوبەشی پارتی چەپی ئەڵمان، داوای پشتیوانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ خودموختاری کورد کرد. هەروەها لەسەر پێویستی سپاسکردنی کورد بۆ شکستی داعش جەختی کردەوە.

سیناتۆرە ئەمریکاییەکانیش کە بریتین لە کریس ون هۆلن، لیندزی گراهام و جان کێنێدی پاڵپشتیی بەهێزی خۆیان بۆ هێزەکانی سوریای دێموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند و داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی تورکیەیان کرد. ئەوان هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، پڕۆژە یاسایەکی دوو حیزبی بۆ سزای نوێ بەسەر تورکیادا پێشکەش بە کۆنگرە دەکەن .