کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەبوونی کتێبی "مەمەد کوردە" لە ساڵیادی شەهیدبوونی محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور

20:13 - 29 سەرماوەز 2724

لە دووهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، کتێبێک لەژێر ناوی "مەمەد کوردە" لەلایەن براکەیەوە ئامادەی چاپ کرا.

هیوا حاجی ڕەسووڵپوور، برای شەهید محەممەد بەبۆنەی دووهەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی براکەی ئەرکی ئامادەکردنی ئەم کتێبەی لە ئەستۆ گرتووە.

هیوا حاجی ڕەسووڵپوور سەبارەت بەم کتێبە دەڵێ: "باوەڕم بە مردنی خۆم هەبوو، بەڵام قەت لەسەر ئەو باوەڕە نەبووم ڕۆژێک دابێ کاکی گەورەم ببێتە شەهیدی ڕێی ئازادی و ئینجا ژیان و بەسەرهاتی ئەو کەڵە پیاوە بنووسمەوە.

ساکار نیە بەڵکە هێندە سەخت و گرانە دەست بدەیتە پێنووس و ژیانی برای خۆت بنووسییەوە.

وەک کاکم بڕیارم دا لەپێناو سەربەرزی گەلەکەمدا خۆڕاگر بم، بۆ ئەوەی بتوانم ئەگەر بە کورتیش بێت چیرۆکی ژیانی ئەو تێکۆشەرە قارەمانە، کە هەموو تەمەن و ژیان و خۆشیی خۆی فیدای گەل و نیشتمانەکەی کرد، لەبەین نەچێ و بۆ نەوەی ئەوڕۆ و داهاتوو بمێنێتەوە. بە پشتیوانیی کۆمەڵێک لە دۆستان دەستم دایە پێنووس بۆ ئەوەی ژیانی مەمەد کوردە بکرێت بە پەرتووکێک، کە بەخۆشییەوە تەواو بوو.

لە دووهەمین ساڵوەگەڕی شەهید بوونی مەمەد کوردەدا،  لە ئاست سەرجەم شەهیدانی کوردستاندا سەری ڕێز دادەنوێنم و بە خوێنی ئاڵ و سووریان بەڵێن دەدەم تا گەیشتن بە ئامانج و ڕێبازی پیرۆزیان واز لە تێکۆشان نەهێنم.

کتێبی (مەمەد کوردە) لە وەشانخانەی ئارزان ئێستا لەژێر وەشان دایە و بەوزووانە دەگاتە دەستی خوێنەران.

ڕۆحی شەهید مەمەد کوردە و هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژینا و سەرجەم شەهیدانی کوردستان شاد بێ".

محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، زیندانیی سیاسیی پێشوو و لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١، لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بریندار کرا و لە بەشی ئای سی یووی نەخۆشخانەی قولیپوور خەوێندرا و پاش ٦ ڕۆژ لە ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی سەرماوەزدا شەهید بوو.