
بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبییه سەبارەت بە هەندێک هێڵی گشتیی سیاسەتی ترامپ، جەخت لەوە کراوەتەوە که سیاسەتی ترامپ بەرانبەر ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست به پلەی یەکەم عێراق نییه، بەڵکوو ئێرانە.
سەرچاوەی هەواڵی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاندووە کە ترامپ و یاریدەدەرەکانی پێداگرن لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و هەنگاوی یەکەمیش ئەوە دەبێت کە ڕێگری لە ئێران بکرێت لە بەکارهێنانی عێراق بۆ قاچاخکردنی نەوت و هەروەها ڕێگریکردنی ئێران لە خراپ بەکارهێنانی سیستەمی بانکی و دارایی عێراق بۆ بە قاچاخی دۆلاری ئەمریکی.
هەروەها تەوەری ناردنی چەکی ئێران بۆ عێراق، سووریه و لوبنان جێگەی سەرنجی ئەمریکا دەبێت، هەرچەندە ئەمریکا هیچ هەنگاوێکی ڕاستەوخۆی لەبارەی پرسی چەکەوە نەناوە، بەڵام ڕەنگە ترامپ ڕێگە خۆش بکات بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بریکارەکانی لە عێراق.
هاتنەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی و هەوڵی واشنگتۆن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لە عێراقەوە، ڕێژەی ئاستەنگەکانی بەردەم سوودانی، وەزیری دەرەوەی عێراق زیاتر دەکات و ئەوە بووەتە هۆی نیگەرانیی ناوبراویش.
هەروەها لە کاتی سەرۆککۆماری خولی پێشوو، ترامپ لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە واشنگتۆن قوربانییەکی زۆری دا بەڵام نەیتوانی عێراق بکاتە وڵاتێکی دۆست.
سیاسەتی ترامپ لەو کاتەدا شتێک بوو نزیک لە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی لە عێراق، بەڵام یاریدەدەرەکانی بەو ئەنجامە گەیشتن کە ئەو کارەی دەبێتە هۆی فراوانبوونی دەستێوەردانی ئێران لە عێراق کە خودی ترامپ ئەوەی نەدەویست و لەو کاتەوە سیاسەتەکانی ترامپ لەبارەی عێراق ئەوە بوو کە ئەمریکا لەم وڵاتە دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی ئێران عێراق بەجێ دەهێڵێت.
لە لایەکی دیکەوە جیاوازیی بنچینەیی سیاسەتی بایدێن لە نێوان دوو خولی سەرۆکایەتیی ترامپدا، ئەوە بوو کە بایدێن دەیویست ئامادەیی سەربازی و کولتووری و ئابووریی ئەمریکا لە عێراقدا بپارێزێت، بەڵام هەرگیز ململانێی لەگەڵ ئێران و سپای پاسداران و هێزە نیابەتییەکانی ئێران و هەڕەشە درێژماوەکانیان بۆ سەر ئەمریکای لەبەرچاو نەدەگرت.
تەنیا هندێک جار بایدێن سیاسەتێکی توندی بەرامبەر هەندێک گرووپ گرتەبەر ئەویش لە کاتێکدا بووە کە هێزەکانی ئەمریکا کرانەوەتە ئامانج.
لە لایەکی دیکەوە بە وتەی زۆرێک لە ڕەخنەگران، سیاسەتەکانی بایدێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق، بە مەبەستی خۆدزینەوە لە سزا دارایی و نەوتییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، ڕێگەی بە ئێران و سپای پاسداران داوە عێراق بکەنە ئامێری ڕزگارکردن و کەڵک وەرگرتنی خۆیان لە باردۆخی هەستیاردا.
بە بۆچوونی ئەو ڕەخنەگرانە، سیاستەکانی بایدێن بووە هۆی ئەوەی کە گەمارۆکانی سەپێنراو بەسەر ئێراندا بە هۆی لاوازی ئیدارەی بایدێن لە بواری عێراقدا بە شێوەیەکی کردەیی بێکاریگەر بن.
بەڵام بەپێی ڕابردووی ترامپ و هێڵی سیاسەتی ناوبراو، پێدەچێ لە دوای هاتنەوەی ترامپ کۆنترۆڵکردنی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی دەست پێ بکاتەوە.