کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی لە پاڕلمانی سویس: چاوەڕوانیی ئەوەمان هەیە پشتیوان و داکۆکیکەری مافە ڕەواکانی کورد لە ئێران بن

01:31 - 30 سەرماوەز 2724

خالید عەزیزی لە پاڕلمانی سویس: چاوەڕوانیی ئەوەمان هەیە پشتیوان و داکۆکیکەری مافە ڕەواکانی کورد لە ئێران بن

 

ئاماژە: ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی سەرماوەز کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شاندی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سویس و چەند نوێنەری پارلەمانی سویس، لە شاری بێڕن، بەڕێوە چوو. کاک خالید عەزیزی لە قسەکانی لەم کۆبوونەوەیەدا تیشکی خستە سەر ڕوانگە و سیاسەتی حیزبی دێموکرات و خوێندنەوەی ئەم حیزبە بۆ پرس و ئاڵوگۆرە سیاسییەکانی کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. "کوردستان‌میدیا"  دەقی قسەکانی بەڕێزیانی بۆ خوێنەرانی گواستووەتەوە. شایانی باسە هەر لەم ڕۆژەدا و پاش ئەم کۆبوونەوەیە، کاک خالید عەزیزی سەردانێکی وەزارەتی دەرەوەی سویسی کرد و کۆبوونەوەیەکیشی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەڕێوە برد.

 

بەڕێزان!

ئەندامانی پارلمان!

زۆر خۆشحاڵم جێگەی شانازییە کە لە پاڕلمانی وڵاتەکەی ئێوەی، سویسی دێموکراتیک و فیدرالدا ئەو دەرفەتەم بۆ هەڵکەوتوە باس لە ئێران و کوردستانی ئێران بکەم.

ئێران هەروەکوو سویس، وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەچەشنە، بەو جیاوازییە سیستمی سیاسیی ئێران دێموکراتیک نییە و دامەزراوە و بنیاتە دێموکراتیکەکان لە وڵاتی ئێمەدا شکڵیان نەگرتوە. یاسای بنەڕەتیی ئێران نەک مافی نەتەوە و ئایینە جیاواز و جۆراوجۆرییەکانی ئەم وڵاتەی بەڕەسمی نەناسیوە، بەڵکوو هەر بەپێی یاسا ئەو نەتەوە و جۆراوجۆرییانەی لە مافەکانیان و لە هاوبەشیی سیاسیدا بێبەش کردوە.

 ئەگەر لە وڵاتەکەی ئێوەدا فدرالیزم لەسەر بنەمای داننان و بەڕەسمی‌ناسینی نەتەوەکان و مافەکانیان شکڵی گرتوە، کەچی لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا کوردەکان کە حەشیمەتیان سەروو ١٠ میلیۆن کەسە مافی خوێندن بە زمانی خۆیان نییە و منداڵی کورد ناچارە بە زمانێکی دیکە و داسەپاو بخوێنێ و هەر لە سەرەتاوە تامی تاڵی هەڵاواردن و پەراوێزخران بچێژێ. ئەم جۆرە ستەم و هەڵاواردنە لە زۆربەی ڕەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی ژیانی کورد و نەتەوە پەراوێزخراوەکانی دیکەی ئێراندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەوە لە حاڵێکدا بۆ نموونە لە وڵاتەکەی ئێوە -سویس- بە چوار زمانی ئاڵمانی، فەڕانسەوی، ئیتالیایی و ڕومانش دەخوێندرێ و بەفەرمی ناسراون.

بەشدارانی بەڕێز!

فەلسەفەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر دەستی قازی محەممەد کە ٧٩ ساڵ لەوە پێش دامەزرا و چەند مانگ دوای دامەزرانی توانی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان پێک‌بێنێ، بۆ ئەوە بوو ئەو عەقڵییەت و کولتوورە لە ئێرانی ئەوکاتدا جێ بخات کە هەموو نەتەوەکانی ئەم وڵاتە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا بەشدار بن و دان بە مافەکانیان دابنرێ.

بەڵام بەداخەوە حکوومەتی پێشووی ئێران -نیزامی پاشایەتیی پەهلەوی- بە پێداگرتن لە سیاسەتی ناوەندگەرایی و هەوڵدان بۆ سڕینەی جیاوازی و جۆراوجۆرییە نەتەوەیی و ئایینییەکان سوپای هێنایە سەر حکوومەتی دێموکراتیکی کوردستان و ڕێبەرانی کۆماری کوردستانی لە سێدارە دا و هەتا ڕووخانی لە ساڵی ١٩٧٩ لەو سیاسەتەی بەردەوام بوو.

دوای شۆڕشی ١٩٧٩ دەرفەتێکی دیکە بۆ کورد هەڵکەوتەوە کە بە شێوەیەکی مەدەنی و ئاشتیخوازانە پرسی ماف و داوا دێموکراتیکەکانی خۆی بێنێتەوە گۆڕێ، بەڵام ئەمجارەش کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جیاتی داننان بە مافەکانی کورد و وەڵامدانەوە بە نیازپاکیی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی هێرشی سەربازیی کردە سەر کوردستان و شەڕێکی قورس و خوێناوی و درێژخایەنی بەسەر کورد و حیزبی دێموکراتدا سەپاند.

لە ئاکامدا هیچ ڕێگەچارەیەک جگە لە بەرگری بۆ خەڵکی کوردستان نەمایەوە. دواتر و بە درێژایی ٤٥ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری  ئیسلامی، پشکی خەڵکی کوردستان و هەروەها گەلانی دیکەی ئێرانیش هەڵاواردنی نەتەوەیی، بێ‌مافی، هەژاری، گرتن و ئێعدام و بەشی ژنانیش سەرکوتی سیستماتیک، بۆ نموونە سەپاندنی حیجابی زۆرەملی بووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەروەک ئاگادارن لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش بە درێژایی تەمەنی هۆکاری سەرەکیی تێرۆر، قەیران و ناسەقامگیرییە سیاسی و ئەمنیەتییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە.

بەڕێزان!

خەڵکی کوردستانی ئێران لە تێکۆشانی خۆی لەپێناو جێخستنی کولتووری دێموکراسی و هێنانەسەرکاری سیستمێکی سیاسیی فیدڕال بەردەوام بووە و لەو پێناوەدا قوربانی و تێچوویەکی زۆری داوە. کۆماری ئیسلامی بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو کوردستانی وەک زۆنێکی میلیتاری و ئەمنییەتی لێ‌کردوە و بە چاوی ئەمنییەتییەوە سەیری هەرچەشنە جموجۆڵ و چالاکییەکی مەدەنی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و تەنانەت ژینگەپارێزی دەکا.

چالاکانی کوردی ئەم بوارانە دەگیرێن، ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە دژیان پەروەندەی ئەمنییەتی دەکەنەوە و بە ئاسانی قورسترین سزای زیندانی درێژخایەن و تەنانەت ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێندرێت. تەنانەت لە ساڵانی ڕابردوودا سپای پاسداران چەندین جار بنکەی کوردە ئاوارەکانی کوردستانی ئێران لە تەنیشت ڕێکخراوە و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێڕاقی مووشەک‌باران کردوە.

جووڵانەوەی کوردستانی ئێران و خەباتی حیزبی ئێمە جەماوەری و مافخوازانەیە و بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لەئارادا بووە کە تازەترینیان بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دوو ساڵی ڕابردوودا بوو کە هەموو کوردستانی گرتەوە و تەنانەت پەلی بۆ هەندێک شار و ناوچەی دیکەی ئێرانیش هاویشت.

ئامادەبووانی هێژا!

ئێمە هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بووین پرسی سیاسیی نەتەوەیەک کە بۆ مافە نەتەوەیی و مەدەنییەکانی تێ‌دەکۆشێ، چارەسەری نیزامیی نییە و حیزبی ئێمە لەو پێناوەدا باجی قوورسی داوە. ساڵی ١٩٨٩ د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبەکەمان بە مەبەستی چارەسەری پرسی کورد لە ئێران لەگەڵ شاندێکی ئێرانی لە شاری ڤییەن کەوتە وتووێژ، بەڵام دەرکەوت ئەو بەناو دیپلۆماتانە لەڕاستیدا تێرۆریست بوون و د. قاسملوویان تێرۆر کرد.

 سێ ساڵ دواتر د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری دواتری حیزبەکەمان کە مەبەستی وتووێژ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتیک لە هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان لە بێرلینی ئاڵمان کۆ ببۆوە، لەگەڵ هاوڕێیانی کەوتنە بەر دەستڕێژی تیمێکی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی.

 بێگومان ئەگەر کۆمەڵگەی جیهانی و وڵاتانی ئورووپایی بەتایبەت، لە ڤییەن بەسەر تێرۆری د. قاسملوودا تێ‌نەپەڕیبان و هەڵوێستی شیاویان هەبا، لەوانەبوو نە تێرۆری مێکۆنووس لە ئاڵمان ڕووی دابا و نە تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بەمجۆرە لە ئورووپادا بڵاو بباوە کە دەیان کەس لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە نێودڵی ئورووپای دێموکراتدا بکرێنە ئامانج.

 بەڵام بێدەنگی و بێ‌هەڵوێستیی کۆمەڵگەی جیهانی بەگشتی و یەکیەتیی ئورووپا بەتایبەتی لەسەر دۆسییەی تێرۆری ڤییەن دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ بەردەوامیی کردەوە تێرۆریستییەکانی لە جیهان و ئاژاوەگێڕی و قەیرانخوڵقێنییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاوەڵا کرد.

بەڕێزان!

فەلسەفەی وجوودیی کۆماری ئیسلامی بەپێی ئایدۆلۆژییەکەی هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی و بە واتایەکی دی ناسەقامگیرکردنی سیاسیی وڵاتانی دیکەیە. ئەم ڕێژیمە هەتا ئێستاش بە کەیسی ئەتومیی و کۆمەڵگەی جیهانییشی بەبارمتە گرتوە. بۆیە باشترین بژاردە بۆ ئەوەی مەترسیی کۆماری ئیسلامی بەو ئایدۆلۆژییەوە لەسەر ناوچەکە و تەنانەت جیهان نەمێنێ، ئەوەیە ئەم نیزامە سیاسییە نادێموکراتیکە نەمێنێ.

بێتوو کۆماری ئیسلامی نەمێنێ و نیزامێکی سیاسیی دێموکراتیک و وەڵامدەر لەجێی ئەو بێتە سەر کار، ئارامی و سەقامگیرییش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێگیر دەبێت. بۆیە داوا لە پاڕلمانی سویس دەکەین هەموو زەرفییەتەکانی خۆی بەکار بێنێ بۆ ئەوەی سەرنجی وڵاتی سویس، یەکیەتیی ئورووپا و تەنانەت کۆمەڵگەی جیهانی بۆ ئەوە ڕابکێشرێ کە پرسی ئێران تەنیا بە کێشە ئەتومییەکەی نەبەسترێتەوە. بەڵکوو بە گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی، سنووردارکردنی ئەم ڕێژیمە و پشتیوانی لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران پشتیوانی گۆڕانکارییە دێموکراتیکەکان لە ئێران بن.

بەشدارانی بەڕێز!

ئێمە باوەرمان وایە باشترین ڕێگەچارە بۆ نەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو ئاڵۆزی و بشێوییەی لە ناوچەکە و هەموو جیهاندا ناویەتەوە ئەوەیە کە، لە سیستمی سیاسیی داهاتووی ئێراندا هەموو نەتەوە جیاواز و تاکەکان بەشدار ببن . هەر بە هەمان شێوە لە یاسای بنەڕەتیدا دان بە فرە چەشنییەکان دابنرێت و پارێزگاری لە مافە یاساییەکانی نەتەوە جیاوازەکان بکرێت و شێوەی دێموکراسیی لامەرکەزیی فێدراڵ و بەهاکانی دێمۆکراتیکی تێدا پارێزراو بێت.

ئێمە داواکارین پارلەمانی وڵاتی سویس لە ئامرازەکانی بەردەستی کەڵک وەربگرێت بۆ گەیاندنی دەنگی ئێمە بە دەوڵەت و یەکیەتیی ئورووپا و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ قوناعەت‌پێهێنان بەو بابەتە کە کێشەی ئێران تەنیا بەرنامەی ئەتومیی ئەم ڕێژیمە نییە و بە گوشارخستنەسەر ڕێژیم بخەنە زیاتر پراوێز بخرێت، هاوکات داکۆکی و پشتگیری لە خۆپێشاندەران بکرێت بە دژی ئەم دەسەڵاتە. کورد لە ئێران قوربانیی سەرەکیی تێرۆریزم و سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە، بەڵام لە ڕەوتی خەباتی مافخوازانەی خۆیدا هەموو کات باوەڕی بە پڕەنسیپە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بووە.

حیزبی ئێمە لە ڕەوتی تێکۆشانی سیاسیی خۆیدا پێوەندیی زۆر نیزیکی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کۆمەڵگەی ئازاد و دێموکراتیکی جیهان دروست کردوە و بەشێکی زۆر لە بایەخە جیهانییەکان لەنێو حیزبی ئێمەدا نەهادینە بوون. کورد بەگشتی لە ڕۆژهەڵات نێوەراست و و بە تایبەت لە ئێران دەرفەت و فاکتۆڕێکی باشن بۆ دێموکراسی سەقامگیری لەو ناوچەیدا. بۆیە چاوەڕوانیی ئەوەمان هەیە پشتیوان و داکۆکیکەری مافە ڕەواکانی کورد بن لە ئێراندا.

بۆ جارێکی دیکە سپاستان دەکەم ئەو دەرفەتەتان بۆ من ڕەخساند لە پاڕلمانی وڵاتەکەتاندا ئەو بەرچاوڕوونییە لەسەر دۆخی سیاسیی ئێران و پرسی کورد بۆ ئێوە بەڕێزان بخەمە ڕوو.