
لە دوای ئەوەی کە سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە یاسای ناسراو بە "عفاف و حیجاب" ٢٣ی سەرماوەز ڕادەگەیەندرێت، ناکۆکی لە نێوان سێ دەسەڵاتی جێبەجێکار، دادوەری و یاسادانانی ڕێژیم دروست بوو.
پاش دیاریکردنی ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی یاسای حیجاب لەلایەن محەممەدڕەزا قاڵیباف سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم و ڕەزامەندی ناوبراو و هەروەها پشتیوانییەکانی غولامحوسێن موحسێنی ئێژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ڕیژیم لەم یاسایە، مەسعوود پزشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیم باسی لە نائامادەبوونی دەوڵەتەکەی و لایەنەکانی ژێردەستی دەسەڵاتی جێبەجێکار بۆ بەڕێوەبردنی یاساکە کردووە.
بەرپرسی دەوڵەتی چواردەیەم کە بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد ڕۆژ لە دەسبەکاربوونی دەوڵەتەکەی لە وتووێژێکی تلویزیۆنیی دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا بەشداری کردبوو سەبارەت بە پەسەندکردن و واژۆی یاسای حیجاب وتی: "بابەتەکە باسی زۆری لە سەرە کە هێشتا چارەسەر نەکراوە و لە بواری جێبەجێکردنەوە پرسیارگەلێکی زۆری بۆ دەوڵەت دروست کردووە".
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئامادەنەبوونی سیستمی ئیداریی دەوڵەت بۆ جێبەجێکردنی یاساکە ڕایگەیاند کە ئەگەر یاسایەک بە باشی بەڕیوە نەچێت دۆخەکە خراپتر دەکات.
ئەم قسانەی پزشکییان لە ئێستادا و پاش بێنەوبەرەیەکی زۆری ئەم یاسا لە نێوان مەجلیسی ڕیژیم و شۆرای نیگاباندا، نیشاندەری ناکۆکی لە نێوان سێ دەسەڵاتی ڕیژیمدایە.
موحسێنی ئێژەیی پێشتر لە دانیشتنی هاوبەشی دەسەڵاتی یاسادانان و مەجلیسی ڕێژیم جەختی لە سەر ئەوە کردبووەوە کە دۆخی ئێستای حیجابی کۆمەڵگا دروست نییە و بە وتەی خۆی، دەبێت چارەسەر بکرێت.
ئێژەیی لە قسەکانیدا و بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە یاسای حیجاب ڕایگەیاندبوو "یاسایەک پەسەند کراوە و دەبێت ڕاگەیەندرێت و پاش ڕاگەیاندن دەبێت بەڕێوە بچێت" و زیادیشی کردبوو کە ئەگەر کەموکووڕییەک لە یاساکەدا هەبێت، نوێنەرانی مەجلیس چارەسەری بکەن.
هەروەها محەممەدڕەزا قاڵیباف سەرۆکی مەجلیس حیجابی ژنان بە بابەتێکی شەرعی و یاسایی لە قەڵەم دا و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەر سێ دەسەڵاتی ڕێژیم دەبێت پستیوانی لە یاساکە بکەن.
قاڵیباف زیادیشی کردووە کە بە هێچ شێوازێک لێڕوانینی دەسەڵاتەکان و دامودەزگاکان نابێت لە بابەتی حیجابدا جیاواز لە یەکتر بێت و جەختیشی کردەوە کە ئەگەر کەسێک بیهەوێت لەم بابەتەدا دووجەمسەری دروست بکات بەو مانایە کە بەرژەوەندیی ئایینی و سیاسیی وڵاتی ناوێت.
جێی ئاماژەیە کە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا ئەگەر یاسایەک لەلایەن مەجلیسەوە ڕادەستی دەسەڵاتی جێبەجێکار بکرێت و لە ماوەی دەرفەتێکی پێنج ڕۆژەدا لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆ نەکرێت و ڕاینەگەیەنرێت، سەرۆکی مەجلیس دەتوانێت یاساکە ڕابگەیەنێت.